Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

ئەم هەفتەیە بڕیارێکی گرنگ لەبارەی سپۆتیفای کامپ نۆو دەدرێت

دووشەممە رۆژێکی گرنگە بۆ بارسێلۆنا

Yariga App

یاریگا –

تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا ناتوانێت وادەیەکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوە یارییەکانی کەتیبەی هانزی فلیک بۆ یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو دەستنیشانبکات.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ناڕوونی لە وادەی گەڕانەوە بۆ یاریگا سەرنجڕاکێشەکەیان، بەڵام گەشبینییەک لەنێو یانەکە دروستبووە و پێیانوایە لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، پێشبینیدەکرێت لە 29 ئەم مانگە بۆ یارییەکەی بەرامبەر دێپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، بارسێلۆنا یەکەم یاریی وەرز لە کامپ نۆو بکات، هەرچەندە ئەگەری گەڕانەوەی زووتریش بە هەفتەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیک بیلباویش لاواز نییە.

قۆناخی 1B

بارسێلۆنا لە 17ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم مۆڵەتی وەگەڕخستنی قۆناخی یەکەمی 1A وەرگرت، لە چەند رۆژی رابردووشدا، بارسێلۆنا هەموو بەڵگە و راپۆرتە پێویستەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی قۆناخی 1Bی پێشکەشی شارەوانی بارسێلۆنا کردووە.

بە وەرگرتنی مۆڵەتی قۆناخی 1B، شارەوانی بارسێلۆنا رێگە بە کردنەوەی شوێنی دانیشتنی یەکەم و دووەمی ئەڵتراسی بارسێلۆنا دەدات و ژمارەی کورسییە مۆڵەتپێدراوەکان دەگاتە 45 هەزار کورسی.

بە مۆڵەتی ئێستا، بارسێلۆنا دەتوانێت نزیکەی 27 هەزار بلیت بفرۆشێت و تەنیا دەتوانن لە شوێنی دانیشتنی سەرەکی لە زۆنی تریبونا (Tribuna) و زۆنی پشتگۆڵی باشوور (گۆڵ سوور – Gol Sur) دابنیشن.

ژمارەکە بەراورد بە یاریگای لویس کۆمپانێس زۆر کەمترە، بۆیە بارسێلۆنا خۆی یەکلاییکردووەتەوە، تاوەکو مۆڵەتی 1B لە شارەوانی وەرنەگرێت، ناگەڕێنەوە کامپ نۆو.

هەموو شتێک بەدەست شارەوانییە

دوای پێشکەشکردنی تەواوی فایڵەکان، بارسێلۆنا پێشبینیدەکات، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی هەفتەی نوێ کە بڕیارە دووشەممە بێت، ترووسکایی وادەی گەڕانەوەیان بۆ کامپ نۆو رووندەبێتەوە.

رۆژنامەکە ئاشکرایدەکات، ئەگەر دووشەممە مۆڵەتی کردنەوەی زۆنی زیاتری هاندەران درا، ئەوا بارسا هەموو هەوڵێک دەدات یارییەکەی بەرامبەر بیلباو بگوازێتەوە کامپ نۆو.

تاوەکو ئێستا پێگەی لالیگا، یاریگای یارییەکەی بارسێلۆنا و بیلباوی دەستنیشان نەکردووە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ یەکلایی نەبوونەوەی شوێنەکە لێکدەدرێتەوە.

29 نۆڤێمبەر گونجاوترینە

هەرچەندە بژاردەی هەفتەی داهاتوو کراوەیە، بەڵام بەرپرسانی لۆجستی یانەکە پێیانوایە، سیناریۆی 29ی ئەم مانگە گونجاوترینە، تاوەکو پەلەپەل لە هیچ هەنگاوێک نەکرێت.

29ی ئەم مانگە وادەیەکی مێژوویی یانەکەشە، چونکە 129 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یانەکە تێدەپەڕێت و ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی گەورە بۆ ئاهەنگگێڕان بە گەڕانەوە بۆ کامپ نۆو و دامەزراندنی یانەکە.

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی شارەوانی، دووشەممە هەموو شتێک یەکلاییدەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button