سەرکەوتنی پۆرتوگال بۆ مۆندیال چوار لایەن گەورەترین سوودمەند دەبن یەکەمیان مێسییە
بهبردنهوهی له ئێرلهندا دهگاته مۆندیال

یاریگا –
هەڵبژاردەی پۆرتوگال تەنیا یەک هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی بە فەرمی بلیتی گەیشتن بە جامی جیهانی 2026 ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ببڕێت.
بردنەوەی ئەمشەوی بەرامبەر کۆماری ئێرلەندا، بەسە بۆ ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی بۆ جارێکی تر لە گەورەترین شانۆی تۆپی پێی جیهاندا ببینین.
گەیشتنی پۆرتوگال و ئەستێرە یەکەمەکەی بە مۆندیال، بەهایەکی گەورە بە پاڵەوانێتییەکە دەبەخشێت، بەڵام چوار لایەن هەن کە دەتوانرێت بگوترێت گەورەترین سوودمەند دەبن لەم سەرکەوتنە چاوەڕوانکراوە:
1. لیۆنێل مێسی : رکابەرە مێژووییهكهی رۆناڵدۆ
لهوانهیه سەیر بێت، بەڵام بەشداریکردنی پۆرتوگال بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هەواڵێکی دڵخۆشکەر دەبێت بۆ رکابەرە دێرینەکەی، لیۆنێل مێسی.
ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕکابەریی نێوانیان لەسەر گەورەترین شانۆی جیهان زیندوو ببێتەوە، سەرەڕای ئەوەی مێسی لە مۆندیالی 2022 قەتەردا جامەکەی بەرزکردەوە، بەڵام بێگومان دەیەوێت جارێکی دیکە باڵادەستیی مێژوویی خۆی بەسەر ڕۆناڵدۆدا بسەلمێنێتەوە.
جگه لهوهش ئەفسانە گەورەکان هەمیشە پێویستیان بە پاڵنەرێکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی لە ترۆپکدا بمێننەوە، ئامادەبوونی رۆناڵدۆ وەک رکابەرێک، گەورەترین پاڵنەری دەروونییە بۆ مێسی تاوهكو بەردەوام بێت لە کارکردن و خۆئامادەکردن بۆ مۆندیال. ئەم ڕکابەرییە وا دەکات هەردووکیان باشترین ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن.
2. کریستیانۆ رۆناڵدۆ: دوا هەلی بردنەوەی نازناوە گەورەکە
بۆ خودی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، مۆندیالی 2026 لهوانهیه دوا هەلی بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئەو جامە زێڕینەی کە تاوهكو ئێستا لە خەزێنهی نییە. سەرەڕای ئەوەی توانیویەتی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و خولی نەتەوەکان بۆ پۆرتوگال بەدەستبهێنێت، بەڵام بردنەوەی مۆندیال پێگەی لە ململانێی باشترینی مێژوو لەگەڵ مێسی بەهێزتر دەکات و کاروانی وەرزشیی بۆ هەمیشە دەگۆڕێت.
3. فیفا: بەهایەکی زیاتر به ناواز و پاڵەوانێتییەکە دهدات.
بۆ یەکێتیی تۆپی پێی جیهان ئامادهبوونی مێسی و رۆناڵدۆ پێکەوە لە دوا مۆندیالیاندا، دەستکەوتێکی زێڕینە.
ئەم دوو ئەفسانەیە جەماوەرێکی خەیاڵی و گهورهی میدیایی و بازرگانیی گەورە دەبەخشن بە پاڵەوانێتییەکە، کە قازانجێکی زۆر بۆ فیفا مسۆگەر دەکات.
4. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
کریستیانۆ رۆناڵدۆ خاوەنی زۆرترین هاندهره لەسەر ئاستی وەرزشکاران لە سۆشیال میدیا، کە زیاتر لە ملیارێک کەس دهبێت. هەرچەندە مێسی لە خولی ئەمریکیدا یاری دەکات، بەڵام ئامادەبوونی ڕۆناڵدۆ لەسەر خاکی ئەمریکا بۆ مۆندیال، بەهایەکی بازرگانی و جەماوەریی گەورەتر بە پاڵەوانێتییەکە دەبەخشێت. ئەمەش سەرنجی ئەو جەماوەرە ئەمریکییە ڕادەکێشێت کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بینینی یەکێک لە بەناوبانگترین وەرزشکارانی جیهانن.



