
یاریگا –
دین هاوسن، ئەستێرەی ئیسپانی کە یەکەمجار یاریی بۆ ریال مەدرید کرد، وەکو ئەوەوابوو کە دەمێکە یاریی بۆ یانە مەدریدییەکە دەکات.
هاوسن زۆر بەخێرایی خۆی لەگەڵ سیستمی چابی ئاڵۆنسۆ گونجاند و شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا جێگیر کرد.
دوای تێپەڕبوونی چەند یارییەک، لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ وەکو دیاردەیەکی نوێی هێڵی بەرگری وەسفکرا، تەنانەت پێیانوابوو هاوسن نەوەیەکی نوێی بەرگریکاران لە مەدرید پەروەردە دەکات.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، هاوسن بە دۆخێکی زۆر ناجێگیر تێدەپەڕێت و ئێستا لەژێر فشارێکی زۆردایە.
ئاستی هاوسن لە یارییەکانی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە مێترۆپۆلیتانۆ و لیڤەرپوول لە ئانفیڵد بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو، تەنانەت ئاستی ئەم دوو یاریەیە وایکردووە ئاستی لە یارییەکانی دیکەی ئەم وەرزە کەڕەتی سفر بکرێن.

تەنیایی لە نێو زریاندا
ئاستی بەکۆمەڵی ریال مەدرید دابەزیوە، دوو یارییە ئەستێرەکانی لۆس بلانکۆس هیچ گۆڵێک ناکەن و رێژەی متمانە لە نێو یانەکە کەمبووەتەوە.
هاوسنی تەمەن 20 ساڵان، خۆی بە تەنیا لە نێو زریانێکی گەورە دەبینێت، چونکە کەوتووەتە بەر لێشاوی رەخنەی زۆری هاندەران و میدیاکانی ئیسپانیا.
هاوسن پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئاڵۆنسۆ هەیە. دوای دۆڕانی یاریی دێربی مەدرید، هاوسن زۆر بوێرانە بەرپەرسیارێتی هەڵەکانی گرتە ئەستۆ، ئەمەش خەسڵەتی یاریزانی گەورەیە.
رۆژنامەی مارکا لە سەرچاوەی نێو یانەکە زانیویەتی، بەهۆی پێشکەش نەکردنی ئاستێکی جێگیر، ستافی راهێنەرایەتی نیگەران کردووە، بۆیە هاوسن لەگەڵ ئاڵۆنسۆ دانیشتووە و داوای ئامۆژگاری کردووە، تاوەکو لەم دۆخە رزگار ببێت.



