
یاریگا –
لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی پێش یاریی پاشکۆی ئاسیا، گراهام ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، بە متمانەیەکی بەرزەوە دەرکەوت باسی یارییهكهی بهرامبهر ئیماراتی كرد . رایگەیاند کە بۆ یەکەمجارە بژاردەی هێرشبردنی بەم شێوەیە بەهێز بێت، هاوکات جەختی کردەوە کە ئامادەیی دەروونی و ڕۆحی جەنگاوەرانە کلیلی سەرکەوتن دەبێت.
چاوەکان لەسەر یارییە چارەنووسسازەکەی نێوان عێراق و ئیماراتە، گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری شێرەکانی ڕافیدەین، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بە وردی تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی تیمەکەی و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
یاریی بەسرە گرنگ نییە، ئێستا کاتی ئەبوزەبییە
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەنجامدانی یاریی گەڕانەوە لە بەسرە سوودێکی ستراتیژیی هەیە، ئارنۆڵد ئەو بۆچوونەی رەتکردەوە و جەختی لەسەر گرنگی یاری یەکەم کردەوە،
“ئەمە یارییەکی کلاسیکیی چوون و گەڕانەوەیە.، ئێمە کار بۆ هەر یارییەک بە جیا دەکەین و ئێستا بیر لە یاریی گەڕانەوە ناکەینەوە، بۆ ئیمه هیچ جیاوازییەک لە شوێنی یاریکردندا نییە.
بۆ یەکەمجار… هێڵی هێرشبردنێکی بەهێز ههبێت
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی قسەکانی ئارنۆڵد، ئاماژەدان بوو به بژاردەی زۆر لە هێڵی هێرشبردندا، کە بە پێچەوانەی کەمپەکانی پێشووترەوە بوو. ئەو گوتی،
“بۆ یەکەمجارە لەو کاتەوەی ئەرکی ڕاهێنەرایەتیی عێراقم وەرگرتووە، بژاردەی هێرشبردنی زۆرمان لەبەردەستە، هەریەک لە عەلی حەمادی، موهەنەد عەلی و ئەیمەن حوسێن ئامادەن بۆ بەشداریکردن.”
کاتێک پرسیاری سەبارەت بەوەی کە یاریکردنی موهەنەد عەلی لە خولی ئیمارات سوودی دەبێت له راهێنهرهكه كرا، ئهو بە کورت وپوختی وەڵامی دایەوە،
“ئەمە بیرکردنەوەیەکی زیادەیە و هیچ سوودێک بە هەڵبژاردە ناگەیەنێت.”
راهێنەرە ئوسترالییەکە نهێنیی هەڵبژاردنی پێکهاتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە تەنیا لایەنی هونەری پێوەر نییە،
“پێشینە دەدرێت بەو یاریزانانەی کە لە رووی جەستەییەوە لە باشترین دۆخدان، بەڵام ئەم یارییە پێویستی بە ئامادەیی دەروونی زیاترە لە هەر شتێکی تر، بەدوای ئەو یاریزانەدا دەگەڕێم کە خاوەنی عەقڵیەت و ڕۆحی جەنگاوەرانەیە.”
ئارنۆڵد هەروەها ئاشکرای کرد کە بە وردی لە ڕکابەرەکەی کۆڵیوەتەوە،
“دوای یاریی سعودیە، بۆ ماوەی سێ هەفتە شیکاریم بۆ ئاستی هەڵبژاردەی ئیمارات کردووە، چ بە شێوەی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ.”
پەیامێک بۆ ئەوانەی ڕەخنە دەگرن
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئارنۆڵد پەیامێکی ئاڕاستەی ڕەخنەگران کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک کەس لە عێراق نرخی ئەو دەستکەوتە نازانن کە هەڵبژاردە بەدەستی هێناوە،
“هەندێک کەس لە عێراق نازانن ئێمە گەیشتووینەتە کوێ، عێراق ماوەی 30 ساڵە نەگەیشتووەتە یاریی پاشکۆ، سیستەمی پاڵاوتنەکان هەر لە سەرەتاوە کارەکانی لێ قورس کردین، بەڵام گەشتەکە بەردەوامە و ئێمە لە ڕێگەی خۆمانداین.”
لە کۆتاییدا داوای پشتیوانیی لە هاندەران کرد و رایگهیاند،
“یاریزانەکان پێویستیان بە پشتیوانیی هاندەران هەیە. هێشتا هەلەکە لەبەردەستە و بەردەوامین.”



