
یاریگا –
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا وەڵامی تەواوی دەنگۆکانی دایەوە و پەیامێکی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا نارد.
لە چەند رۆژی رابردوودا، باس لە گەڕانەوەی لیۆ مێسی بەخواستن بۆ ماوەی شەش مانگ دەکرا، بەڵام خوان لاپۆرتا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆی کاتالوونیا روونیکردەوە؛
وەکو رێزێک بۆ مێسی، یاریزانان و ئەندامانی یانەکەمان، ئێستا کاتی پێشبینیکردن بۆ سیناریۆی نالۆژیکی نییە.
دوای دەرکەوتنی لەناکاوی مێسی لە یاریگای کامپ نۆو و تەواوبوونی خولی ئەمریکی، دەنگۆی زۆر لەسەر گەڕانەوەی مێسی دروستبوو، لاپۆرتا روونیکردەوە؛
سەرەڕای شێوازی چوونە دەرەوەی مێسی، بەهیچ شێوەیەک پەشیمان نیم. بارسێلۆنا لەسەرووی هەمووانە، راستە ئەمە بەدڵی هەمووان نەبووە، بەڵام ئەوکاتە هەر ئەوە دەکرا.
مێسی دوای جێهێشتنی بارسێلۆنا لە هاوینی ساڵی 2021، یەکەمجاربوو بگەڕێتەوە کامپ نۆو. مێسی بۆ ئامادەبوون لە فیلی دۆکیومێنتاری ”لاماسیا؛ دەستپێکەکان” گەڕابووەوە بارسێلۆنا و چاوی بە هاوتیم و دۆستانی پێشووی کەوتبوو.
مێسی چەندین وێنەی یادگاری لە کامپ نۆوی نوێ چرکاند، هەروەها واژۆی لەسەر درێسی چەندین یاریزانی ئەکادیمیای بارسێلۆنا واژۆکرد، لاپۆرتا زیاتر دەڵێت؛
زۆر بە بینینی مێسی لە کامپ نۆوی نوێ دلخۆش بووم، بەڵام نەمدەزانی کە دێت.
ئێمە زۆر مێسیمان خۆشدەوێت و ئێرە ماڵی مێسییە و ئەویش زۆر باش ئەمە دەزانێت. پێموایە شایەنی شکۆدارترین ماڵئاواییە لە مێژووی تۆپی پێ.
هەرچەندە بیرۆکەی گەڕانەوەی مێسی بۆ کامپ نۆو ئێستا باسی سەرەکی نەبێت، بەڵام لاپۆرتا دووپاتیکردەوە، بارسێلۆنا خەریکی ئامادەکردنی پلانێکی گەورەیە بۆ ماڵئاواییکردن لە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، بەڵام ئەمەش دوای تەواوبوونی تەواوی کارەکانی یاریگاکە لە ساڵی داهاتوو.



