قەیرانی باڵی راستی ریال مەدرید سەرئێشەی بۆ ئاڵۆنسۆ دروستکردووە
ئاڵۆنسۆ بێ متمانەیە و دوابڕیاری نەداوە

یاریگا –
ریال مەدرید کێشەی زەقی لە باڵی راستی بەرگری هەیە و تاوەکو ئێستا چابی ئاڵۆنسۆ بەوردی کێشەکەی چارەسەر نەکردووە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە باڵی راستی بەرگری ریال مەدرید سێ بژاردەی زۆر باشی لێیە، بەڵام بووەتە سەرچاوەی سەرئێشە بۆ ئاڵۆنسۆ.
دانی کارڤاخال بەهۆی پێکان دابڕاوە و فێدێریکۆ ڤالڤێردی وەکو پیاوی ئاگرکوژێنەوەی ریال مەدریدە، بەردەوام شوێنی دەگۆڕێت، ئێستا بەهۆی پێکان ماوەیەک دادەبڕێت. لەبارەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدەوە، ئاڵۆنسۆ نازانێت چۆن مامەڵە بکات.
هەرچەندە ترێنت 13 رۆژە مۆڵەتی پزیشکی بۆ یارییکردن وەرگرتووە، بەڵام ئاڵۆنسۆ لە بەشداریپێکردنی ئەستێرە ئینگلیزییەکە دوودڵە.
پێکانی ڤالڤێردی دوودڵی زیادکردووە
ڤالڤێردی لە یارییەکەی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ لە خوولەکی 82 بەهۆی پێکان یارییەکەی جێهێشت و ئارنۆڵد شوێنی گرتەوە. پێشبینیدەکرا ڤالڤێردی بەشداری یارییەکە نەکات، چونکە لە یارییەکەی لیڤەرپوول هەستی بە ئازارکرد، بەڵام پێدەچێت دوودڵییەکەی ئاڵۆنسۆ هەموو شتێکی هەڵپەساردبێت.
ئاڵۆنسۆ دوای یارییەکەی ڤاییکانۆ روونیکردەوە، ماوەی پشووی نێودەوڵەتی زۆر بۆ ئارنۆڵد بەسوود دەبێت، چونکە تۆماس توخێل، راهێنەری ئینگلتەرا بانگهێشتی نەکردووە و بەمەش سەرنجی تەواوی لەسەر مەدرید دەبێت.
رۆژنامەکە دووپاتیکردووەتەوە، مامەڵەی ئاڵۆنسۆ لەگەڵ ترێنت سەرنجی هەمووان راکێشاوە، چونکە بڕیاری بەشداریپێکردنی لە دوا 10 خوولەکی یارییەکەی لیڤەرپوول، پرسیاری جیددی لە ڤالدێبێباس دروستکردووە، چونکە شتێکی ئاشکرابوو کە هاندەرانی لیڤەرپوول دژی دەوەستنەوە.

ترێنت ئامادەیە بەڵام متمانە نییە
ترێنت بەشداری یارییەکەی کلاسیکۆی بەرامبەر بارسێلۆنا نەکرد، هەروەها بەشداری لە یارییەکەی ڤالێنسیاشدا نەکرد، هەرچەندە ناوی لە لیستی یاریزاناندا هەبوو.
لە بەرامبەر لیڤەرپوول لە دوا 10 خوولەک چووە نێو یارییەکە، بۆیە ئاماژەکان هەمووی بۆ دوودڵی ئاڵۆنسۆ دەگەڕێتەوە لە مامەڵە کردن لەگەڵ ترێنت.



