Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

هەر دەرت دەکەین؛ بەشێک لە ئەستێرەکانی ریال مەدرید لە چابی ئاڵۆنسۆ یاخی دەبن

دەستەیەک یاریزانی دیکە پاڵپشتی دەکەن..

Yariga App

یاریگا –

بەشێک لە ئەستێرەکانی ریال مەدرید لەپشت پەردە پلان لەدژی چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ئیسپانی دەگێڕن و دەیانەوێت راهێنەرەکە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

رۆژنامەنووسی فەڕەنسی رۆمان مۆلینا بڵاویکردووەتەوە، لەناو ریال مەدرید بەرەیەکی یاخیبوو دروستبووە و ئەو بەرەیە کار بۆ دوورخستنەوەی چابی ئاڵۆنسۆ لە پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەکەن، هەریەکە لە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئێندریک و رۆدریگۆی بەڕازیلی دیارترین کارەکەتەرەکانی بەرە یاخییەکەی مەدریدن.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەستێرەکانی ریال مەدرید لەگەڵ ئاڵۆنسۆ ئاسوودەنین و بڕوایان وایە راهێنەرێکی زۆر تووندە و هەست بە بێزارییەکی زۆر دەکەن لەگەڵیدا.

چابی ئاڵۆنسۆ و جونیۆر

مۆلینا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەستێرەکانی ریال مەدرید پاش هەر یارییەکی گرنگ نەدەگەڕانەوە مەشقەکان، بەڵکوو بۆ پشوودان دەچونە دوورگەی ئێبیزا، هەروەها بە ئارەزووی خۆیان دەچوونە مەشقەکان، هەرکاتێک نەچوبان یاخود دواکەوتبان لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەدەکرا.

بەڵام چابی ئاڵۆنسۆ پێچەوانەی ئانچێلۆتییە و هیچ کام لەو شتانە لە یاریزانەکانی قبووڵ ناکات، بۆیە یاریزانەکان وا هەست دەکەن ئاڵۆنسۆ زۆر دەست دەخاتە ژیانی تایبەتیان و بڕیاریانداوە لەدژی یاخیبن. تەنانەت لەلای فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە سکاڵایان لە راهێنەرەکەیان کردووە.

هەروەها ئاڵۆنسۆ رووبەڕووی کێشەیەکی دیکە بووەتەوە، هەندێک لە یایزانەکان لەو دانیشتنانە بێزارن کە ئاڵۆنسۆ چەند کاتژمێرێک بە ڤیدیۆ شیکارییان بۆ دەکات و یاریزانەکان وا هەست دەکەن شیکارییە تەکتیکییەکان سووکایەیکردنە پێیان و لە گرنگیان کەمدەکاتەوە.

رۆژنامەنووسە فەڕەنسییەکە نهێنییەکی مەترسیداری دیکەی ئاشکراکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، خونی کالافات، سەرۆکی یاریزان دۆزەرەوکانی ریال مەدرید پاڵپشتی بەرەی یاخیبووانە و پشتی یاریزانە بەڕازیلییەکان دەگرێت و بڕوای وایە ئاڵۆنسۆ ستەم ڤینی و رۆدریگۆ و ئێندریک دەکات و ئەو یاریزانانە شایستەی ئەون خولەکی زیاتر یاریی بکەن.

خونی کالافات و ڤینی

ناکۆکییەکی تووند لەنێوان ئاڵۆنسۆ و ڤینیسیۆس هەیە، بەرەی یاخیبوو بڕوایان وایە جونیۆر یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان و پێویستە ئاڵۆنسۆ باشتر مامەڵەی لەگەڵ بکات، ناکۆکی نێوانیان نهێنی نەبوو و لە یاریی کلاسیکۆ هەمووان بە ئاشکرا هەستیان بە هەموو شتێک کرد.

فێدێریکۆ ڤالڤێردی ئوروگوایی یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی لەگەڵ ئاڵۆنسۆ ئاسوودە نییە، ڤالڤێردی حەز ناکات لە باڵی بەرگری یاریی بکات و بەو هۆیە ناکۆکییەکی تووندی لەگەڵ ئاڵۆنسۆ هەیە. ئاڵۆنسۆ بە هۆکاری دابەزینی ئاستی دەزانێت چونکە دەیەوێت لە هێڵی ناوەڕاست یاریی بکات نەوەک بەرگری.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی مۆلینا، بەرەیەکی دیکە لە مەدرید هەیە پاڵپشتی ئاڵۆنسۆ دەکەن، هەریەکە لە یاریزانان کیلیان ئێمباپێ، ئاردا گولەر، ئۆرێلیەن چوامێنی و ئێدێر میلیتاو لەو یاریزانان کە لە کارەکانی ئاڵۆنسۆ رازین و پاڵپشتی دەکەن.

بۆیە ئێستا چابی ئاڵۆنسۆ کەوتووەتە هەمان ئەو دۆخەی کە ئۆنای ئێمری پاش پەیوەندی کردن بە پاریس سانجێرمان تێیکەوت و بەهۆی یاخی بوونی ئەستێرە سەرەکییەکانی یانەکە نەیتوانی کارەکانی خۆی بەتەواوی بکات و لەکۆتایدا چارەنووسی دەرکرانبوو.

هەر بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، هەندێک لە بەرپرسانی ریال مەدرید لە ئێستاوە لە بازاڕی گواستنەوە بەدوای راهێنەرێکی شیاودا دەگەڕێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button