
یاریگا –
ئارنێ سلۆت، راهێنەری لیڤەرپوڵ بانگەشەی ئەوە دەکات، مانچێستەر سیتی ماوەی سێ ساڵە لە دیمەنە هاوشێوەکاندا چێژ لەبڕیارەکانی VAR لە بەرژەوەندی خۆیان وەردەگرێت.
دوای شکستەکەی لیڤەرپوول بەرامبەر مانچێستەر سیتی بە سێ گۆڵی بێ وەڵام، ئارنێ سلۆت هێرشێکی توندی کردە سەر بڕیاری ناوبژیوان. مانچێستەر سیتی جارێکی دیکە دیمەنێکی مشتومڕاوی بەخۆیەوە بینی کە لە بەرژەوەندی تیپەکەی گواردیۆلا بوو. لە کاتێکدا سیتی بە گۆڵێک پێش کەوت، ڤێرجیل ڤان دایک بە لێدانێکی سەر تۆڕی گۆڵی سیتی هەژاند، بەڵام دوای پێداچوونەوەی VAR گۆڵەکەی رەتکرایەوە.
Was it the right decision to rule out this Van Dijk goal? 🤔 pic.twitter.com/MzKMrU9d5f
— Soccer Forever (@soccerforeverhq) November 9, 2025
ڤان دایک لە کاتی لێدانەکەیدا لە ئۆفسایددا نەبوو، بەڵام ئەندی رۆبەرتسۆنی هاوڕێی لەکاتی ناردنی تۆپەکە لە بەردەم هێڵی بەرگری وەستابوو. هەرچەندە رۆبەرتسۆن لە رێڕەوی تۆپەکەدا نەبوو و رێگری لە بینینی جیانلویجی دۆنارۆمای گۆڵپارێزی سیتیەوە نەکرد، بەڵام ناوبژیوانی ڤیدیۆیی بڕیاریدا کە ئەو یاریزانە کاریگەری لەسەر رەوتی یارییەکە هەبووە.

هەر ئەم بڕیارە بوو کە سلۆتی لە کۆتایی یارییەکەدا توڕە کرد. راهێنەرە هۆڵەندییەکە رووداوێکی رابردووی باسکردەوە کە کریس کاڤاناگی ناوبژیوان، وەرزی رابردوو بە هەمان شێوە گۆڵێکی بۆ مانچێستەر سیتی بەرامبەر ڤۆڵڤز هەژمار کردووە. لەو یارییەدا جۆن ستۆنز لە کۆتا خولەکدا بە لێدانی سەر گۆڵێک دەکات، گۆڵێک کە دوای پێداچوونەوەی درێژخایەنی VAR پەسند کرا، سەرەڕای ئەوەی بێرناردۆ سیلڤا لە ئۆفساید دادەنرا و رێگری لە بینینی گۆڵپارێزی وۆڵڤز کرد.

لە وەرزی 2023 دووبارە رووداوێکی هاوشێوە روویداوە. سیتی سوودی لە بڕیارێکی هاوشێوە بەرامبەر فولهام وەرگرت. ناتان ئاکێ گۆڵێکی تۆمارکرد و فولهام بە توندی ناڕەزایی دەربڕی کە مانوێل ئاکانجی لە ئۆفسایدەوە بازی بۆ تۆپەکە داوە و دەستوەردانی لە یارییەکەدا کردووە، بەڵام ڤار بڕیاریدا گۆڵەکە هەژمار بکات.