بارسێلۆنا گفتوگۆی سەرەتایی لەگەڵ ئەستێرەیەکی لیۆن دەستپێکردووە
دەبێتە پاڵپشتیکاری یامال و بەرداخچی

یاریگا –
هەرچەندە بارسێلۆنا خاوەنی لامین یامال و روونی بەرداخچییە، کە بە دوو دیارترین بەهرەمەندی ئێستای یاریزانانی باڵ دادەندرێن، بەڵام بارسا چاوی لە ئەستێرەیەکی لاوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا بۆ وەرزی داهاتوو دەیەوێت هێڵی پێشەوەی تۆکمە بکات، وەکو هەنگاوی یەکەم هەڵسەنگاندن بۆ گواستنەوەی هەمیشەیی مارکوس راشفۆرد لە مانچێستەر یونایتد دەکات. مووچەی ئەستێرە ئینگلیزییەکە زۆرە و مان یونایتد بە کەمتر لە 30 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری نابێت.
بژاردەی راشفۆرد بۆ بارسێلۆنا گونجاوە، بەڵام دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسا چاوی لە چەند ئەستێرەیەکی دیکەش داناوە.
مالیک فۆفانا، ئەستێرەی بەلجیکی و لیۆنی تەمەن 20 ساڵان، بژاردەیەکی بەهێزی بارسێلۆنا. رۆژنامە کاتالوونییەکە جەختیکردووەتەوە، راپۆرتی تیمی زانیاری دەستخەرانی بارسا لەسەر فۆفانا زۆر ئەرێنین.
فۆفانا بەبڕی 19.5 ملیۆن یۆرۆ لە خێنتی بەلجیکییەوە پەیوەندی بە لیۆن کرد و گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2028 بەسەردەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، بارسێلۆنا پەیوەندی سەرەتایی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی فۆفانا کردووە و باسیان لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، یانەکانی لیڤەرپوول و ئارسیناڵ دوو دیارترین یانەی گرنگیپێدەرن بە فۆفانا. ئەستێرە لاوەکە بە پێی راستە یاریی دەکات و زیاتر حەزی لە باڵی چەپە، لە هەمان کاتدا دەتوانێت لە باڵی راستیش یاریی بکات.
فۆفانا لەم وەرزەدا 12 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان کردووە، خاوەنی دوو گۆڵ و یەک پاسی یەکلاییکەرەوەیە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی پێگەی Transfermarkt، بەهای فۆفانا دەگاتە 30 ملیۆن یۆرۆ.



