
یاریگا –
ئەمڕۆ لە یاریی لووتكە و ئاگرینی هەفتەی یازدەیەمی پرێمەرلیگ مانچێستەر سیتی لە یاریگای خۆیدا میوانداری لیڤەرپوولی پاڵەوانی وەرزی رابردوو دەكات.
وا بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر 19:30 مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحادی تایبەت بە خۆی میوانداری لیڤەرپوول بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی یازدەیەمی پرێمەرلیگ.
پڕۆفایلی یاریی

دوای یەكسان بوونەكەی شەوی رابردووی ئارسیناڵ بەرامبەر سەندرلاند، لە یارییەكەی ئەمڕۆدا هەردوو یانە هەوڵی بردنەوە و نزیكبوونەوە لە پێشەنگی ریزبەندیەكە دەدەن.
مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا لە كۆی 10 یاریی شەش یاریی بردووەتەوە یەک یاریی یەكسان بووە و سێ یارییش دۆڕاوە.
بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی پرێمەرلیگ دێت.
لە بەرامبەردا لیڤەرپوول لە كۆی 10 یاریی شەش یاریی بردووەتەوە و چوار یارییش دۆڕاوە.
بە كۆكردنەوەی 18 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی پرێمەرلیگ دێت.
زانیاری یاریی
هەردوو یانە لە مێژوودا 194 جار رووبەڕووبوونەتەوە لە 92 یاریی لیڤەرپوول براوە بووە و مان سیتیش 52 یاریی، 50 یارییش یەكسان بوون.
وەرزی رابردوو لیڤەرپوول هەردوو یاریی پرێمەرلیگی بە ئەنجامی 2-0 لە مانچێستەر سیتی بردەوە.
لە سەرەتای مانگی چوارەوە مانچێستەر سیتی بە 42 خاڵ زۆرترین خاڵی لە پرێمەرلیگ بەدەستهێناوە.
لیڤەرپوول لە كۆتا سێ یاریی پرێمەرلیگ لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە سەرجەمیاندا دۆڕاوە.
ئێرلینگ هالاند لە 107 یاریی پرێمەرلیگدا 98 گۆڵیكردووە.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
مانچێستەر سیتی بە بێ كۆڤاسیچ رووبەڕووی لیڤەرپوول دەبێتەوە.
لیڤەرپوولیش بە بێ ئالیسن، فریمپۆنگ و لیۆنی رووبەڕووی سیتیزن دەبێتەوە.
پێكهاتەی پێشبینیكراوی مانچێستەر سیتی
دۆناروما
نونێس، ڤاردیۆڵ، دیاس، ئۆرێلی
گۆنزالێز
ساڤیۆ، رێندێرس، فۆدن، دۆكو
هالاند
پێكهاتەی پێشبینیكراو لیڤەرپوول
مامارداشڤیڵی
برادلی، كۆناتێ، ڤان دایک، رۆبێرتسن
خراڤنبێرخ، ماک ئالیستەر
سەڵاح، سۆبۆسلای، خاكپۆ
ئێكیتیكی



