ئەستێرەیەکی لاماسیا بیر لەجێهێشتنی بارسێلۆنا لە زستاندا دەکاتەوە

یاریگا –
پێدەچێت ئەگەری جێهێشتنی مارک بێرناڵ لە بارسێلۆنا لە میرکاتۆی زستانەدا جدی بێت.
لە 19ی ئەیلول لە کاتی بردنەوەی بارسێلۆنا بەرامبەر ڤالێنسیا بە ئەنجامی 6-0 لە یاریگای یۆهان کرۆیف، بێرناڵ دوای پێکانێکی سەختی ئەژنۆی گەڕایەوە نێو یاریگاکان. نۆ خولەک یاری کرد و بە تەواوی چێژی لە گەڕانەوەی بۆ یاریگا وەرگرت. نزیکەی دوو مانگ لەو کاتەوە تێپەڕیوە و بەهرەمەندەکەی لاماسیا تەنیا بەشداری سێ یاری دیکەی کردووە (یەک خولەک بەرامبەر ئۆڤیێدۆ، 11 خولەک بەرامبەر پاریس سان جێرمان و 10 خولەک بەرامبەر ئۆڵۆمپیاکۆس). لە سێ یاری رابردوودا لەسەر کورسی یەدەگ بووە.
ستافی تەکنیکی و پزیشکانی بارسێلۆنا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بارودۆخی بێرناڵ بەوپەڕی وریایی و سەبرەوە بەڕێوەدەبرێت، چونکە نایانەوێت دوای گەڕانەوەی لە پێکانیکی واسەخت فشار بخەنە سەر یاریزانەکە. ئەوان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دۆجی ئەو لەگەڵ دۆخی ئەو جیاوازترە. هەروەها گاڤی ساڵێک بەشداری نەکرد بەڵام گەڕانەوەی بۆ تیپەکە وردە وردە و لەسەرەخۆ بوو. لە شەش یاریدا وەک یاریزانی یەدەگ یاریی کرد.

بەڵام بارودۆخی بێرناڵ تەواو جیاوازە. دوای یارییەکەی ڤالێنسیا بۆ دوو یاری دیکە لەسەر کورسی یەدەگ بوو بەرامبەر نیوکاسڵ و خێتافێ. ئەو یاریزانە لە کۆتایی یاریی بەرامبەر ئۆڤیدۆ هاتە نێو یاریگا، دیسانەوە بەرامبەر ریال سۆسیداد پشووی پێدرا و دواتر بەرامبەر پاریس سانجێرمان گەڕایەوە. لە دوو یاری بەرامبەر سێڤییا و جیرۆنا بەشداری نەکرد، جارێکی دیکە بەرامبەر ئۆڵۆمپیاکۆس یاری کردەوە و دواتر لە سێ یاری دیکەدا بەشداری نەکرد کە بریتی بوون لە ریال مەدرید و ئێلچێ و کڵەب بروج.
سبەی بارسێلۆنا لە دوایین یاریدا پێش پشووی نێودەوڵەتی دەچێتە سێلتاڤیگۆ. دوای ئەوە تا جەژنی کریسمس هەشت یارییان هەیە. رۆژنامەی موندۆ دیپرتیڤۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە رۆیشتنی بێرنال بە خواستن لە زستاندا بەندە بە کاریگەری و ئاست و کاردانەوەکانی لە یارییەکاندا. بێرناڵ و نوێنەرانی بەو دۆخەی تێیدایە رازی نین و جێهێشتنی بارسێلۆنا لە زستاندا بژاردەیەکە کە بیری لێدەکەنەوە و دەرگاکانی گفتوگۆیان بە کراوەیی هێشتووەتەوە، هەرچەندە پلانەکانی بارسێلۆنا رۆیشتنی لەخۆناگرێت چونکە پێیان وایە کاتی یاریزانەکەش لە پێکهاتەی سەرەکیدا دێت.



