پێرێز تووڕەیە؛ رۆژنامەی سپۆرت تاکە هۆکاری دوورنەخستنەوەی ئاڵۆنسۆ ئاشکرا دەکات
مۆبایلی کەسێک داخراوە و ئەمەش ئاڵۆنسۆی لە پۆستەکە هێشتووەتەوە

یاریگا –
دوای دۆڕانە گەورەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، جۆرێک لە گومان لەلایەن بەرپرسانی باڵای یانە مەدریدییەکە دروستبوو.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، تەواوی بەرپرسە باڵاکانی ریال مەدرید، بە پاڵپشتیکاری چابی ئاڵۆنسۆ دادەندرێت، دوای دۆڕانی دێربی مەدرید، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانە شاهانەکە، وەکو بیانووێکی توند بۆ سەرزەنشتکردنی پاڵپشتیکارانی ئاڵۆنسۆ لە پۆستە باڵاکانی یانەکە بەکارهێنا.
رۆژنامە کاتالوونییەکە دووپاتیدەکاتەوە، هەرگیز ئاڵۆنسۆ بۆ شوێنگرتنەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی، بژاردەی یەکەمی پێرێز نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی یورگن کڵۆپ، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول رەتیکردەوە بگەڕێتەوە جیهانی راهێنەرایەتی، ئینجا پێرێز چووە ژێر فشاری لایەنگرانی ئاڵۆنسۆ.
فشاری بەرز و گۆڕینی یاریی
دوای تەواوبوونی یاریی دێربی، گومانێکی گەورە لای پێرێز دروستبووە. پرسیارە سەرەکییەکان بریتیبوون لەوەی؛ ئایا ئاڵۆنسۆ دەتوانێت ژووری جلگۆڕینێکی پڕ لە ئەستێرە بەڕێوەببات؟
یاریی کلاسیکۆ دوو گریمانەی سەرەکی لای پێرێز دروستکرد.
گریمانەی یەکەم؛ ریال مەدرید کلاسیکۆی بەبێ گۆڕینی یارییەکی ئەوتۆ بردەوە، سەرەڕای بوونی ئەستێرەی وەکو ڤینیسیۆس جونیۆر و کیلیان ئێمباپێ و جود بێڵینگهام لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا.
گریمانەی دووەم؛ شێوازی یارییکردنی ئاڵۆنسۆ زۆر سادە و دوور لە ئاڵۆزی تەکتیکی بوو. شێوازی ئاڵۆنسۆ بێ فشاری زۆربوو، هەرچەندە راهێنەرە باسکییەکە بەردەوام بەڵێنی ئەمشێوازەی بە پێرێز داوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی؛ ئەو پێکهاتەیەی ریال مەدرید لە بارسێلۆنای بردەوە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کۆپییەکەی تیمی ئانچێلۆتی نەبوو؛ هێڵێکی ناوەڕاستی تۆکمە، ئەستێرەکان لە هێڵی پێشەوە و تیمەکە لە دواوە خۆی توندکردبوو و چاوەڕێی هەڵەی تیمی بەرامبەر بوو.
پێرێز ئەم شێوازە بە ‘تەکتیکی مۆدێرن’ نازانێت و پێیوایە بیروبۆچوونی راوێژکارانی هەڵەیە.

کێشەکانی ژووری جلگۆڕین
بەر لە یاریی کلاسیکۆ، پێرێز بەڕوونی پەیامێکی ئاڕاستەی ئاڵۆنسۆ کردبوو و لە دابەزینی ئاستی ڤینیسیۆسی ئاگادار کردبووەوە. لە یارییەکەشدا گۆڕانکارییەکەی ڤینیسیۆس مشتومڕی زۆری دروستکرد.
دوای تەواوبوونی یارییەکە، بەرپرسانی باڵا پەیامی پێرێزیان گەیاندە ئاڵۆنسۆ و پێیانگوت، وەکو یانە ڤینیسیۆس سزا نادەن، ئەمەش راهێنەرە باسکییەکەی بە تەنیا لە بەرامبەر ڤینیسیۆس هێشتەوە و دواتر بە دیپلۆماسییەت، کێشەکەی چارەسەرکرد، هەرچەندە بەیاننامەکەی ڤینیسیۆس بەهیچ شێوەیەک ناوی ئاڵۆنسۆی تێدانەبوو.
جیا لە کەیسی ڤینیسیۆس، لێدوانەکەی فێدێریکۆ ڤالڤێردی، سەبارەت بە ناچاری یارییکردنی وەکو بەرگریکاری باڵی راست، زەقبوونەوەی کێشەکانی ئێندریک و گۆڕانکارییە ناسەرکەوتووەکەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە یارییەکەی لیڤەرپوول، پرسیاری گەورەی لەلایەن پێرێز لەسەر ئاڵۆنسۆ دروستکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت، پێرێز دەیان راپۆرتی ناڕەزایی یاریزانانی ریال مەدریدی لەسەر ئاڵۆنسۆ پێگەیشتووە.
کێشەی توانستی جەستەیی
تاوەکو ئێستا پێرێز بەدەست کێشەکانی وەرزی رابردوو دەناڵێنێت و دیارترینیان؛ لاوازی دۆخی جەستەیی یاریزانانە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئاڵۆنسۆ، ئیسماعیل لۆپێز، لەگەڵ راهێنەرە باسکییەکە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. راهێنەرەکە بە شێوازی مۆدێرن کار دەکات و یاریگای ڤالدێبێباسی پڕی درۆن کرد.
بەڵام ئامارەکانی یارییەکەی لیڤەرپوول، واقعێکی کۆنی پیشانی مەدرید دایەوە. بەدرێژایی یارییەکە ریال مەدرید چوار کیلۆمەتر کەمتر لە لیڤەرپوول رایکردبوو، ئەمەش نیشانەی پرسیاری دروستکردووە.
بردنەوە وەکو ئانچێلۆتییە و دۆڕانیش وەکو مۆرینیۆ
دوای تەواوبوونی جەنگی ئانفیڵد، پێرێز گەیشتە بیروبۆچوونێکی نوێ؛
ئەگەر یانەکە وەکو سەردەمی ئانچێلۆتی بەردەوام دەباتەوە، ئەوا وەکو سەردەمی مۆرینیۆش دەدۆڕێنێت.
هەرچەندە ئاڵۆنسۆ دوای یارییەکەی لیڤەرپوول روونیکردەوە؛ ”ریال مەدرید بە وردەکاری بچووک یارییەکەی دۆڕاند”. بەڵام بەرپرسانی یانەکە ئەم لێدوانەی ئاڵۆنسۆی بەدڵ نەبوو. بەرپرسانی مەدرید پێیانوایە؛ شێوازی قسەکانی ئاڵۆنسۆ لەسەر شێوازی مۆرینیۆ بوو و هەوڵی دۆزینەوەی بیانووی دۆڕانەکەی دەدا، بەبێ ئەوەی راستییەکانی یارییەکە بزانێت، لە کاتێکدا تیبو کۆرتوا 9 شووتی لیڤەرپوولی گەڕاندەوە و دەکرا، ریال مەدرید بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕابوایە.
شێوازی بردنەوەکەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆ و شێوازی دۆڕانی بەرامبەر لیڤەرپوول، گومانی پێرێزی لەسەر تواناکانی ئاڵۆنسۆ زیادکردووە.
رۆژنامەکە ئاشکرایدەکات، ئێستا هیچ کەسێکی نزیک لە پێرێز، بوێری بەرگریکردنی لە ئاڵۆنسۆ نییە، بۆیە راهێنەرە باسکییەکە بۆ ساتێکی قورس تێدەپەڕێت.
ئەوەی تاوەکو ئێستا ئاڵۆنسۆی لە ریال مەدرید هێشتووەتەوە، داخرانی مۆبایلەکەی کڵۆپە.



