لێتخۆشنابم؛ ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر شۆک دەکات
سەرۆک پێرێز بڕیاری کۆتایی داوە..

یاریگا –
ریال مەدرید لە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەڕازیلی تووڕەیە و بڕیاریداوە لە هاوینی داهاتوو دەستبەرداری ببێت.
رۆژنامەی بیڵد بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بەهۆی رووداوەکانی یاریی کلاسیکۆ بەتەواوی لە ڤینیسیۆس جونیۆر بێزاربووە و یانەکە بڕیاریداوە لە هاوینی 2026 دەستبەرداری هێرشبەرە 25 ساڵانییەکەی ببێت.
جونیۆر لە یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا بەهۆی گۆڕانکاری پێکرانی بەگژ چابی ئاڵۆنسۆی راهێنەری یانەکەدا هەڵچوو، هەڵسوکەوتەکەی ڤینی لەناو یانەکەدا نیگەرانییەکی زۆری دروستکرد، هەرچەندە جونیۆر داوای لێبوردنی کرد بەڵام هێشتا یانەکە لە هەڵسوکەوتەکەی تووڕەیە.

فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە بەوە ناسراوە بەردەوام پاڵپشتی سوپەر ستارەکان دەکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەڵمانییەکە جونیۆر پاڵپشتی سەرۆکیشی لەدەستداوە، پێرێز زۆر لە یاریزانەکە نیگەرانە و چیدیکە پاڵپشتی ناکات. چونکە فەلسەفەی پێرێز روونە، هیچ یاریزانێک لە ریال مەدرید گەورەتر نییە.
سەرۆک بڕوای وایە بەرامبەر جونیۆر زۆر ئارامبوون، یاریزانەکە بەردوام لە یاریگا کێشەی لەگەڵ هاندەران و تیپەکانی رکابەر دروستکردووە، بەڵام ئێستا کێشەکانی گەیشتوونەتە قۆناخێکی مەترسیدار و خەریکە ئارامی ژووری خۆگۆڕینی یانەکە بەتەواوی دەشێوێنێت، یانەکەش دەیەوێت بەرلەوەی کار لە کار بترازێت سنوورێک بۆ ڤینی دابنێت.
نابێت بەهای جونیۆر دابەزێت
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە ریال مەدرید بڕیاریداوە جونیۆر بفرۆشێت، بەڵام دەیەوێت سەرتا گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بۆ ئەوەی یاریزانەکە بە نرخێکی کەم لە یانەکە نەڕوات چونکە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 بەسەردەچێت.
جیا لەو هەنگاوە ریال مەدرید داوای لە چابی ئاڵۆنسۆ کردووە لە بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانی یاریزانەکە ئارامگربێت و لەبەردەم کامێراکان کاردانەوەی نەبێت، چونکە مەدرید نایەوێت بەهۆی هەڵسوکەوتە نەخوازراوەکانی بەهای دابەزێت کە بەهای ئێستای یاریزانەکە لە بۆڕسەی یاریزانان 150 ملیۆن یۆرۆیە.



