
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا دووپاتیدەکاتەوە، لامین یامال بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە.
ئەمشەو لە گەڕی چوارەمی قۆناخی خول لە چامپیۆنزلیگ، بارسێلۆنا دەبێتە میوانی کڵەب برووج. یامال لەم وەرزەدا بەهۆی پێکان دووجار لە بارسێلۆنا دابڕا.
فلیک رەتیکردەوە باسی ئەگەری پەیوەندیکردنی یامال بە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات؛
ئەرکی من نییە باسی بەشداریکردنی یامال لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی بکەم، ئێستا مەشقەکانی دەکات و ناتوانین بڵێین بە تەواوی چاکبووەتەوە، چونکە پێویستی بەکاتە. بەڵام تەندروستی باشە و دەتوانێت یاریی بکات.
وەرزی رابردوو جیاوازبوو، رافینیا و یامالمان هەبوو، بەڵام لەم وەرزەدا پێکانمان زۆرە و خەریکە وردە وردە یاریزانانمان دەگەڕێنەوە.
یارییەکەی برووج ئاسان نییە
فلیک بەراورد بە یارییەکەی ئێڵچێ، پێشبینی یارییەکی قورس لە بەرامبەر برووجی بەلجیکی دەکات؛
پێشبینی یارییەکەی نزیک لە ئێڵچێ دەکەم، ساتی جیاواز چاوەڕێمان دەکات و ئەوان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دروستکردنی فشار دەدەن. یارییەکی زۆر قورس دەبێت.
هەموو یارییەک قورسە و هەمووان هەڵی بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە دەدەن. لیڤاندۆڤسکی و ئۆلمۆ گەڕاونەتەوە و ئاستی گشتی یاریزانان لە یاریی رابردوودا زۆر باش بوو.
کەس وەکو لیڤاندۆڤسکی نییە
راهێنەرە ئەڵمانییەکە ستایشێکی زۆری هێرشبەرە پۆڵەندییەکەی کرد و بە پیشەییترین وەسفیکرد؛
لەوەتەی بوومەتە راهێنەر، هیچ یاریزانێکم بە ئەندازەی لیڤاندۆڤسکی پیشەیی نەبینیوە. زۆر خێراتر لەوەی پێشبینیدەکرا گەڕایەوە.
بۆ ئەوەی بگەینە باشترین ئاستی خۆمان، پێویستیمان بە یاریزانی لاوە، ئەم یانەیەم خۆشدەوێت و زۆر دڵخۆشم لە بارسا.



