بۆچی یانەکانی پرێمەرلیگ لە گواستنەوەی هێرشبەرە ناڕازیەکەی ریال مەدرید کشانەوە؟
بە خواستن نامانەوێت!

یاریگا –
مانچێستەر یونایتد و ئاستۆن ڤێلا نەیانتوانی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ئێندریک رێک بکەون.
دوای پێنج مانگ دوورکەوتنەوە بەهۆی پێکانەوە، دواجار ئێندریک هەفتەی رابردوو لە دوایین گەڕی یارییەکانی لالیگا گەڕایەوە و لە یارییە پڕ گۆڵەکەی ریال بەرامبەر ڤالێنسیا لە خولەکی 79 وەک یاریزانێکی یەدەگ هاتە ناو یاریگا. ئەمە یەکەم یاری بوو لە دوای چاکبوونەوەی بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بارودۆخی هێرشبەرەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ جێگیر نیە.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتالی بانگەشەی ئەوە دەکات، یانەی ریال مەدرید خەریکە وردەکاریی گرێبەستی ئێندریک کۆتایی پێدەهێنێت، کە هێرشبەرە بەڕازیلییەکە بە شێوەی خواستن بۆ ماوەیەکی کورت پەیوەندی بە یانەی لیۆنی فەرەنساوە دەکات. دانوستانەکانی نێوان هەردوو یانە لە قۆناخێکی پێشکەوتوودایە و تەنیا بەربەستێکی چاوەڕواننەکراو دەتوانێت گرێبەستەکە لە رێڕەوی خۆی لابدات.
لە گرێبەستەکەدا ئێندریک بۆ ماوەی شەش مانگ لە فەرەنسا یاری دەکات و بژاردەی بۆ گواستنەوەی هەمیشەیی نییە. تۆڕی ESPNـی برازیلی دووپاتی کردەوە کە ئەمە هۆکارێکی سەرەکی بووە یانەکانی وەک مانچێستەر یونایتد و ئاستۆن ڤێلا لە گواستنەوەی ئێندریک پاشگەز بوونەوە کە دەیانویست بڕگەی کڕینی هەمیشەیی لە گرێبەستەکەیاندا هەبێت.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە یەکێک لە یاریدەدەرەکانی پاولۆ فۆنسێکای راهێنەری یانەی لیۆن لە ئێستاوە دەستیکردووە بە شیکردنەوەی ئاستی رابردووی ئێندریک. دەگوترێت فایلێکی گشتگیر لەسەر شێوازی یاریکردنی هێرشبەرەکە کۆدەکاتەوە، پێداچوونەوە بە ڤیدیۆکانی کاتەکانی لە پاڵمێراس دەکات لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023، هەروەها یارییەکانی لەگەڵ ریال مەدرید.
یانە فەرەنسییەکە ئێندرک وەک چەکێکی بەهێز دەبینێت کە دەتوانێت وزەی هێرشبەری نوێ بخاتە ناو تیپەکەوە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات بۆ سەرکەوتن بۆ پێشەوەی ریزبەندی خولی فەرەنسا.



