
یاریگا –
راهێنەری زاخۆ باوەڕی تەواوی بە یاریزانەکانی هەیە لە بەرامبەر عەینی ئیماڕاتی ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنن.
له گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، سێ شەممە ( 4ـی نۆڤێمبەری 2025 ) کاتژمێر 8ـی شەو زاخۆ میوانداری عەینی ئیماڕاتی دەکات، یارییەکە گرینگیەکی تایبەتی هەیە بۆ زاخۆ و هاندەرانی ئەویش بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا زاخۆ لە پاڵەوانیەتیەکی دەرەکی لە نێو یاریگای خۆی یاریی بکات.
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەی بۆ یارییەکە رایگەیاند:
لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو ئاست و ئەنجامی باش پێشکەش دەکەین، چوار خاڵ لە دوو یارییدا بۆ ئێمە زۆرباشە، بە خێرهاتنی شاندی عەینی ئیماڕاتی دەکەم بۆ شاری دووەمیان کە زاخۆیە، یاریزانەکانم بۆ یارییەکە ئامادەن دەمانەوێت لەم رۆژە مێژووییەدا سەرکەوتنیان پێشکەش بکەین.
راهێنەرە قەتەڕیەکەی زاخۆ لە سەر رەتکردنەوەی داواکاریان بۆ دواخستنی یارییەکەی غەڕاف لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق گووتی:
نامەوێ قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەم، چونکە لای هەمووان ئاشکرایە گەشتێکی زۆرمان کردووە و کارمان کردووە لەسەر ئامادەبوونی جەستەی یاریزانان بۆ ئەوەی دووربن لە پێکان، گەشبینم دەتوانین ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین.
زاخۆ لە دوو یاریی خاوەن چوار خاڵە و لە ریزبەندی دووەم دێت، عەینی ئیماڕاتیش شەش خاڵی هەیە و لە پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دێت.




