
یاریگا –
دوای ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی، لازۆ عەلی، هێرشبەرە بەتواناکەی یانەی ڕانیە، ئازاد کرا و لە زیندان دهرچوو.
ئەو ئەستێرەیەی وەرزی ڕابردوو کە بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆوە لە 11ـی نیسانی 2025 دەستبەسەر کرابوو، ماوەیەکی زۆری لە پشت شیشەکانی زیندانەوە بەسەر برد. لەو ڕووداوەدا، سەرنشینێک لە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر گیانی لەدەستدا، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژیانی وەرزشیی لازۆ بە شێوەیەکی کاتی بوەستێت.
چیرۆکی ئازادکردنەکە
هۆکاری سەرەکیی مانەوەی لازۆ لە زینداندا بۆ ماوەی ڕابردوو، پەیوەست بوو بە ڕێکارە یاساییەکان و چاوەڕوانیی بڕیاری دادگا و هەڵوێستی خانەوادەی قوربانییەکە. بەپێی زانیارییەکان، دوای گواستنەوەی دۆسییەکە بۆ دادگای تاوانەکانی سلێمانی و دوای هەوڵ و کۆششی زۆر، لە کۆتاییدا ڕێکارەکانی ئازادکردنی گیراونەتەبەر.
وەفاداریی یانەی ڕانیە:
جێی باسە، یانەی ڕانیە لە ماوەی دەستبەسەرکردنی یاریزانەکەیدا، وەک وەفایەک بۆ ئەو، درێسی ژمارە 11ـی بە هیچ یاریزانێکی تر نەبەخشی. ئەم هەڵوێستە نیشانەی پشتیوانیی تەواوی یانەکە بوو بۆ یاریزانەکەیان، تا ئەو کاتەی دەگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.
چاوەڕوان دەکرێت لازۆ عەلی دوای پشوویەک و خۆئامادەکردنەوە، جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ژیانی وەرزشیی خۆی و درێسی یانەکەی بپۆشێتەوە.



