هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ پاریسییەکان، ئەستێرەکەیان گەڕایەوە
دێمبێلێ ئامادەیە...

یاریگا –
چەند هەواڵێکی دلخۆشکەر لەلایەن عوسمان دێمبێلێوە گەیشت و بەشداری مەشقەکانی بەر لە یارییە گرنگەکەی بەرامبەر بایرن میونشنی کرد.
براوەی باڵۆن دۆر کە بەدەست ئازاری رانی راستیەوە دەیناڵاند، بەیانی رۆژی یەکشەممە بەشداری مەشق و راهێنانی بە کۆمەڵی کرد و پێدەچێت بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئەڵمانییەکان لە پێکهاتەی لویس ئێنریکیدا بێت.
پاریس سانجێرمان کە شەوی شەمە لە پارک دو پرێنس میوانداری نیسی کرد و بە ئەنجامی 1-0 یارییەکەی بردەوە، لە خولەکی 72 ئێنریکی راهێنەر بڕیاریدا دێمبێلێ بنێریتە ناو یاریگا و لە دوای یارییەکە دێمبێلێ گوتی: (ماسولکەکانی رانم ئازاری هەیە و ئازاری زۆرە) ئەم دوو رستە کورتە دەستبەجێ سەرنجی هاندەرانی راکێشا و پرسیاری ئەوەی خستەڕوو کە ئایا براوەی باڵۆن دۆر دەتوانێت بەشداری یارییە گرنگەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن بکات؟
رۆژێک دوای ئەم لێدوانەی دێمبێلێ، هەواڵەکان سەبارەت بە تەندروستی هێرشبەرە فەرەنسییەکە کەمێک ئومێدبەخشتر بوون.
بەیانی رۆژی یەکشەممە عوسمان دێمبێلێ لە کەمپی پاریس سانجێرمان ئامادەبوو و توانی بەشداری لە راهێنانە بە کۆمەڵەکاندا بکات، راهێنانەکانی تایبەت بوو بۆ ئەو یاریزانانەی کە وەک یاریزانی یەدەگ دێنە ناو یاریگا و لەگەڵ یاریزانە یەدەگەکان راهێنانی کرد.
15 minutes of live training from the Campus before Paris – Bayern 🔴🔵
— Paris Saint-Germain (@PSG_English) November 3, 2025
نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە براوەی باڵۆن دۆر لە پێکهاتەی کۆتایی لویس ئێنریکی بێت و بۆ یارییەکە بانگهێشت بکرێت و ئەمڕۆ لە کۆتا مەشقەکانی پاریس بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەبوونی بەشداری کرد.
ستافی راهێنەرایەتی پاریس بە وردی چاودێری دۆخی هێرشبەرەکە دەکەن و نایانەوێت هیچ مەترسییەک لەسەر یاریزانەکە درووست بکەن کە لە سەرەتای وەرزەوە تووشی پێکان بووە. بارودۆخی ئەو یاریزانە هیچ نیگەرانییەکی گەورەی لەناو یانەکەدا دروستنەکردووە، بەڵام ئامادەبوونی دێمبێلێ لە مەشقەکان زەنگێکی مەترسی بوو بۆ باڤارییەکان و بەئەگەرێکی زۆرەوە بەشداری یاریی شەوی سێشەمە دەکات.



