
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی ریال مەدرید و چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری یانە شاهانەکە رووبەڕووی رەخنەی تووندبوونەوە.
دوای ئەوەی لە یاریی شەوی رابردووی مەدرید بەرامبەر ڤالێنسیا (4-0)، ڤینیسیۆس جونیۆر لێدانێکی سزای لەدەستدا، هەرچەندە ئێمباپێ لێدەری سەرەکی پێناڵتییەکانە، بەڵام لێدانە سزاکەی بۆ ڤینی جێهێشت، بەڵام گۆڵی نەکرد.
ئاڵۆنسۆ بە لەدەستدانی لێدانە سزاکە زۆر نیگەران بوو، بەڵام دوای ئەوەی جود بێڵینگهام گۆڵی سێیەمی تیمەکەی کرد، هەستی بە ئارامی کرد.
ئاڵۆنسۆ لە پرێس کۆنفڕانسی دوای یارییەکە دووپاتیکردەوە، ئێمباپێ لێدەری سەرەکی پێناڵتییەکانە، بەلام سەرەڕای ئەمەش، رەخنەی تووند ئاڕاستەی ئاڵۆنسۆ کرا.
رۆژنامەی سپۆرت لە زاری پۆلی رینکۆن، هێرشبەری پێشووتری ریال مەدرید کە ئێستا شیکەرەوەی وەرزشی رادیۆی کۆپێیە بڵاویکردووەتەوە؛
نابێت ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە لە ریال مەدرید رووبدەن. پێویستە بەڕوونی بگوترێت، ئێمباپێ لێدەری سەرەکی پێناڵتییەکانە، دەبێ ئاڵۆنسۆ ئەمە دووپاتبکاتەوە.
مانۆلۆ لاما، رۆژنامەنووسی وەرزشی کۆپێ بەشێوەیەکی تەنزئامێز رەخنەی لە ریال مەدرید گرت و وەکو دابەشکردنی شیرینی بەسەر منداڵانی قوتابخانەی وەسفکرد؛
گلەییەکە لە ئێمباپێیە، ناکرێت لێدانی سزا وەکو شیرینی دابەش بکرێت، ئێرە قوتابخانە نییە.
چەند شەرمە جارێکی دیکە لێدەری پێناڵتییەکان بگۆڕیت. ئەم بێسەروبەرییە چییە، چۆن دەبێ رێگە بە هاوڕێی خۆت بدەیت پێناڵتی جێبەجێ بکات.
مانگێک بەر لە ئێستا، ئێمباپێ لە یاریی بەرامبەر ڤیاڕیال پێناڵتییەکی بەخشییە ڤینیسیۆس، بەڵام ئەوکاتە لێدانەکەی سەرکەوتوو بوو و گۆڵی کرد.
ڤینیسیۆس لە ئەپریل/نیسانی رابردووشدا لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا لێدانێکی سزای لەدەستدا. تاوەکو ئێستا ڤینی 11 لێدانی سزای لە ریال مەدرید لێداوە، هەشت گۆڵی کردووە و سێجاریش لەدەستیداوە.



