زۆربوونی پێکانی یاریزانان؛ فلیک گلەیی زۆر لە لاپۆرتا هەیە و ستافی جەستەیی بەرپرس نییە
بارسا بە دۆخێکی نائاسایی تێدەپەڕێت

یاریگا –
زۆربوونی ژمارەی پێکانی یاریزانانی بارسێلۆنا چەندین پرسیاری لەبارەی هۆکارە سەرەکییەکان دروستکردووە.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ راپۆرتێکی شیکاری وردە لەبارەی هۆکارەکان کردووە، چونکە بەمدووایە گلەیی زۆر لە ستافی ئامادەکاری جەستەیی یانەکە دەکرا.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، هۆکاری جیاواز ژمارەی پێکانەکانی ئەم وەرزەی زیادکردووە، ناکرێ گلەییەکان تەنیا ئاڕاستەی خولیۆ تۆس، بەرپرسی ئامادەکاری جەستەیی و راوول مارتینێز، بەرپرسی بەشی چارەسەری سروشتی بکرێن. هەردوو کەسایەتییەکە خاوەن ناوبانگێکی گەورەن و کاروانێکی درێژییان هەیە.
لە وەرزی رابردوودا، هەردوو بەرپرسەکە رۆڵێکی باڵایان لە تۆکمەکردنی باری جەستەیی یاریزاناندا هەبوو، بۆیە ناکرێ وەرزی رابردوو بە کەسانی سەرکەوتوو هەژمار بکرێن و ئەم وەرزەش ببنە کەسانی شکستخواردوو.
رۆژنامەکە هۆکاری سەرەکی زۆربوونی ژمارەی پێکانەکان بۆ لاوازی ئامادەکارییەکانی وەرز دەگەڕێنێتەوە.
پێشتر هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، گلەیی گەشتە پڕشەکەتەکەی بارسای بۆ ئاسیا گەیاندبووە خوان لاپۆرتا. فلیک لە کەشوهەوا و بەرزی پلەی گەرما و بوونی شێیەکی لەڕادەبەدەر نیگەرانبوو.
🧐 Once nuevo del Barça ante el Elche con dupla inédita
✍ @gbsans https://t.co/tqz0a0XSrZ
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) November 2, 2025
لەلایەکی دیکەوە، زۆری ژمارەی یارییەکان و نەبوونی کاتی پێویست بۆ مەشقی چڕوپڕ، هۆکارێکی دیکەی پێکانەکانە، چونکە یاریزانان مەشقی پێویست بۆ خۆپارێزی لە پێکان ناکەن.
رۆژنامەکە باسی هۆکارێکی دیکەشی کردووە؛ لیستی یاریزانانی بارسێلۆنا پڕ یاریزان نییە، بەڵکو راهێنەر ناچارە زۆربەی کات بۆ پڕکردنەوەی لیستەکەی، پەنا بۆ یاریزانانی تیمی دووەم و سێیەمی بارسا ببات.
یاریزانانی نێودەوڵەتی هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی ژمارەی پێکانەکانن، چونکە فشارێکی زۆریان لەسەرە و بەردەوام بە هەڵبژاردەکانی نیشتمانی پەیوەستن.
لاپۆرتا دەیەویست لە مانگی داهاتوودا یارییەکەی ڤیاڕیال لە مەیامی بکەن، ئەمەش گەشتێکی 18 کاتژمێرییە و ئەوەندەی دیکە، دۆخی جەستەیی بارسای دەشێواند.



