
یاریگا –
چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید وەڵامی بەیاننامەکەی ڤینیسیۆس جونیۆری دایەوە و دووپاتیکردەوە، ئەم فایڵەی داخستووە.
لێکەوتەکانی گۆڕانکارییەکەی ڤینیسیۆس لە یاریی کلاسیکۆ جیاوازبوون و ڤینیسیۆس دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئاڵۆنسۆ، لە بەیاننامەیەکدا داوای لێبووردنی کرد، بەڵام لە بەیاننامەکەدا ناوی ئاڵۆنسۆی نەهێنا، ئەمەش دەنگۆی دروستبوونی ناکۆکی نێوانیان زیادکرد.
ئاڵۆنسۆ لە پرێس کۆنفڕانسی بەر لە یاریی ئەمشەوییان بەرامبەر ڤالێنسیا روونیکردەوە، فایڵی ڤینیسیۆسی داخستووە؛
چوارشەممە کۆبوونەوەیەکمان بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی یانەکە کرد، ڤینیسیۆس لەدڵەوە قسەکانی کرد و هەستم بە ئارامییەکی زۆر کرد. لەو کاتەوە ئەم فایڵەم داخستووە.
بەلای منەوە بەیاننامەکە زۆر گونجاو و ئەرێنی بوو، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، قسەکانی ڤینیسیۆسە بۆ یاریزانان، دوێنێ پێکەوە مەشقەکانمان کرد و هەمووان لەنێو یەک بەلەمداین و خرۆشاوین.
ڤینی بە سەرنجێکی زۆرەوە یاریی دەکات و لە کلاسیکۆ زۆر ناوازە بوو.
🔴 ¿Qué opina Xabi de que Vini no le mencionara en el comunicado de su perdón? pic.twitter.com/UM8bE5D7tj
— MARCA (@marca) October 31, 2025
لە پرێس کۆنفڕانسەکە زۆر پرسیار لەبارەی ڤینیسیۆس کران و ئاڵۆنسۆ ناڕەزایەتی پیشاندا؛
ئای خودایە، ئەمە چوارەم یان پێنجەم پرسیارە لەسەر هەمان بابەت. رێزێکی زۆرم بە گرنگیپێدانی ئێوە هەیە، بەڵام ئەم فایڵەمان داخستووە. ڤینی یاریزانێکی زۆر باشە و هەست بە دڵخۆشی دەکات. چوارشەممە ئەم بابەتە بەتەواوی داخرا.
ڤینیسیۆس لە 10 یاریی ئەم وەرزەدا، پێنج گۆڵ و چوار ئەسیستی هەیە.
ریال مەدرید بە 27 خاڵ پێشەنگی لالیگایە و پێنج خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای خاوەن پلەی دووەم دوورە.



