
یاریگا –
یانەی زاخۆ دیزاینی یاریگای نوێی یانەکەی تەواو کردووە و تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ یەکەمجار بڵاویدەکاتەوە.
یانەکەی پرا دەلال پلانی دروستکردنی یاریگایەکی گەورەی لەسەر ئاستی ناوچەکە داڕێشتووە و قۆناخی دیزاینی تەواو کردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری یانەکە کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیویست ناوی ئاشکرا بکات زانیویەتی، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەیەوێت یاریگای کۆن بە وەبەرهێنەرێک بفرۆشێت و دەستبەجێ پارەکە بخاتە نێو پڕۆژە درێژخایەنەکانی یانەی زاخۆ.
یاریگا نوێیەکەی زاخۆ باکووری رۆژئاوای شاری زاخۆ لە ناوچەی ‘کەرنێ’ لە نزیک کەمپی چەمشکۆ دروستدەکرێت.
یاریگاکەی زاخۆ لە دوو نهۆم پێکدێت، لە نهۆمی یەکەمدا 21 هەزار کورسی دروست دەکرێت و نهۆمی دووەمیش 14 هەزار کورسی لەخۆدەگرێت، بە شێوەیەکی گشتی یاریگای نوێی یانەی زاخۆ شوێنی نزیکەی 40 هەزار هاندەر دەبێتەوە.
رووبەری گۆڕەپانی یاریگا نوێیەکەی زاخۆ هاوشێوەی یاریگا نێودەوڵەتییەکان بریتییە لە 105مەتر درێژی و 68 مەتر پانی.
یاریگاکە هەشت تراکی راکردن بە پێوەری ئۆڵێمپی دروست دەکات، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەی وەرزشییە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
یاریگای نوێی زاخۆ 30 دەروازەی چوونە ژوور و دەرەوەی دەبێت، بەمەش رێگەی هاتنوچوون بەشێوەیەکی بەرچاو ئاسان دەکات.
یاریگای زاخۆ بە سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و بە ستانداردی جیهانی دروستدەکرێت.



