
یاریگا –
دوای ئەوەی هەولێر لە دێربی کوردستان و لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە ئانفێڵدەکەی کوردستان بە تاکە گۆڵێک لە نەورۆز بردهوه، ڕاهێنەری ههردوو یانه لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لێدوانی گرنگیان دا و تیشکیان خستە سەر ئاستی تیپەکانیان.
باسم قاسم: بردنەوەکە بۆ هاندەرانە و نەورۆز چاوەڕواننەکراو بوو
باسم قاسم، راهێنەری ئەزمووندار و ناسراوی یانەی هەولێر، بە دڵخۆشییەوە دەستی بە قسەکانی کرد و سەرکەوتنەکەی پێشکەش بە هاندەران و کارگێڕی یانەکەی کرد و گوتی،
“ئەم سێ خاڵە گرنگە پێشکەش بە هاندەرانی دڵسۆزی هەولێر، کارگێڕی یانەکە و بەڕێز پارێزگاری هەولێر دەکەم کە هەمیشە پاڵپشتمانن.”
قاسم دانی بەوەدا نا کە یانەی نەورۆز ئەرکیانی زۆر قورس کردبوو، بەتایبەت دوای هاتنی ڕاهێنەری نوێ، گوتی،
“دوای گۆڕانکاری لە ستافی ڕاهێنەرایەتی و هاتنی کاپتن وەلی کەریم، یانەی نەورۆز ئاستێکی تەواو جیاواز و باشی پێشکەش کرد و بەڕاستی تیپەکەمانی ماندوو کرد. ئێمە پێشتر ڕووبەڕووی چەندین یانەی بەهێز بووینەتەوە، بەڵام ئاستی نەورۆز لەم یارییەدا بەڕاستی بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو بوو.”
لە کۆتاییدا سوپاسی یاریزانەکانی کرد و گوتی،
“سوپاس بۆ خودا و پاشان ماندووبوونی یاریزانان لەنێو یاریگادا، توانیمان سێ خاڵی زۆر گرنگ بەدەستبهێنین کە لە ڕکابەرییەکانی داهاتوودا یارمەتیدەرمان دەبێت.”
وەلی کەریم: کێشەمان لە گرێبەستەکاندا هەیە و چاوەڕێی زستانین
وەلی کەریم، راهێنەری نوێی یانەی نەورۆز، بە ڕاشکاوی باسی لە کێشەکانی تیپەکەی کرد و هۆکاری سەرەکیی بۆ هەڵەی گرێبەستەکانی سەرەتای وەرز گەڕاندەوە.
وەلی کەریم گوتی،
“بەداخەوە تیپەکە هەڵەی کردووە لە گرێبەستکردن لەگەڵ هەندێک یاریزان، ئێمە لەسەر کورسی یەدەك یاریزانی جێگرەوەی باشمان نییە کە بتوانن جیاوازی دروست بکەن.”
راهێنەری نەورۆز ئاماژەی بەوەدا کە پلانی بۆ بازاڕی گواستنەوەی زستانە هەیە و گوتی،
“هەموو گرەوی من لەسەر بازاڕی گواستنەوەی زستانەیە. بێگومان دەستبەرداری هەندێک یاریزان دەبین و هەوڵ دەدەین پێکهاتەکە بەهێزتر بکەین، چونکە تیپەکە پێویستی بە خوێنی نوێ و یاریزانی نوێ هەیە.”
سەرەڕای شکستەکە، وەلی کەریم نیگەران نەبوو لە گیانی بەرەنگاربوونەوەی یاریزانەکانی و گوتی،
“ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و هاندانی منە، ئەو ڕۆحیەتە بەرزەی یاریزانەکانە، هەموویان سوورن لەسەر ئەوەی باشترین ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن و ئەمەش بنەمایەکی باشە بۆ کارکردن لە داهاتوودا.”
ههولێر بهم سهركهوتنهی بهرامبهر نهورۆز كۆی سهركهوتنهكانی له خولهكه گهیانده پێنج سهركهوتن و تهنها یهك یهكسانبوونی ههیه و ژمارهی خاڵهكانی بۆ 16 خاڵ بهرزكردهوه و پێشهنگی ریزبهندی گرتووه.
ههرچی یانهی نهورۆزه له كۆی شهشه یاریی تهنها یهك بردنهوهی ههیه له پێنج یاریی لهسهر یهك دووچاری شكست بووهو له خانهكانی كۆتایی ریزبهنده.



