Loading...
ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

پێنج یانەی گەورە ململانێی گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکەن

چارەنووسی نادیاره‌

Yariga App

یاریگا –

كێشه‌ی ڤینیسیۆس جۆنیۆر له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید گه‌وره‌تر ده‌بێت و پێنج یانه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌ورپاش ده‌یانه‌وێت دۆخه‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌ بكات.

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە فەرمی داوای لێبوردنی لە هاوکارەکانی، کارگێڕی و هاندەرانی یانەکەی کرد، ئەمەش دوای ئەو ڕەفتارە تووڕەییەی کە بەرامبەر ڕاهێنەرەکەی، چابی ئاڵۆنسۆ له‌ یاریی كلاسیكۆ نیشانیدا.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە داوای لێبوردنەکەیدا ناوی ڕاهێنەرەکەی نەهێناوە، سەرەڕای ئەوەی ناکۆکی و قسەکانی ڕووبەڕووی ئەو بوون، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە كێشه‌یه‌كی گەورە لە نێوان هه‌یه‌.

ئێستا دۆخی ئەستێرە بەڕازیلییەکە لەگەڵ یانەکەی جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەت لەگەڵ نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی کە لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت، هەروەها کێشەکەی لەگەڵ ڕاهێنەر چابی ئالۆنسۆ، دەرگای بەڕووی چەندین یانەدا کردووەتەوە کە ئارەزووی گرێبەستکردنی لەگەڵ دەکەن.

رۆژنامەی سپۆرتی کاتالۆنی ئاشکرایکردووە کە ژمارەیەک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاودێری دۆخی ڤینیسیۆس و پێشهاتەکانی کێشەکەی لەگەڵ ڕاهێنەرەکەی دەکەن.


پاریس سان جێرمان لەسەر هێڵە

سپۆرت ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی ئارەزوویەکی زۆری هەیە بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و چاودێری دۆخەکە دەکات، چاوەڕێی بڕیاری یاریزانەکە و هەڵوێستی کارگێڕی ڕیاڵ مەدرید دەکات سەبارەت بە فرۆشتنی.

یانە پاریسییەکە هیوادارە بەم کارە تۆڵەی خۆی لە ڕیاڵ مەدرید بکاتەوە، دوای ئەوەی یانە شاهانەکە لە هاوینی 2024 کیلیان ئێمباپێ بە خۆڕایی برده‌ ڕیزەکانی، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس کۆتایی هات و نوێکردنەوەی ڕەتکردەوە.

نرخی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بە نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت و لە هاوینی ڕابردووشدا یەکێک بوو لە ئامانجەکانی یانەکانی خولی سعودیە.

چوار گه‌وره‌ی تر چاوەڕێن

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “OKDIARIO” ئاشکرایکردووە کە جگە لە پاریس، یانەکانی مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، چێڵسی و بایرن میونشن گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌یان كردووته‌ ئامانج.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم یانانە بە وردی ئاگاداری گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوان ڤینیسیۆس و ڕیاڵ مەدریدن، کە بڕیارە تاوه‌كو دوای هاوینی 2027 درێژ بکرێتەوە. بەڵام ئەم دانوستانانە لە ئێستادا بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندیی نێوان یاریزانەکە و چابی ئالۆنسۆ وەستاون.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەر پێنج یانەکە ئامادەن دەستبەجێ ئۆفەری فەرمی پێشکەش بکەن ئەگەر ڤینیسیۆس بڕیاری نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی بدات و ڕیاڵ مەدریدیش ڕازی بێت ده‌ستبه‌ردری بێت.

داواکارییە داراییەکان کێشەی سەرەکین

كێشه‌ی ئێستا لە نێوان ڤینیسیۆس و ڕیاڵ مەدرید بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەردوولا سوورن لەسەر داواکارییەکانیان و ئامادەنین سازش بکەن. لە لایەک، ڤینیسیۆس و نوێنەرەکانی داوای پاداشتێکی گەورەی واژۆکردن و مووچەیەک دەکەن کە هاوتای مووچەکەی کیلیان ئێمباپێ بێت، لە کاتێکدا کارگێڕی ڕیاڵ مەدرید پێی وایە داواکارییە داراییەکانی یاریزانەکە زیادەڕۆیی تێدایە، جگه‌ له‌ كێشه‌ی یاریزانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ راهێنه‌ر ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه‌.

سەرەڕای ئەوەی ڕیاڵ مەدرید هێشتا گەشبینە بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە، بەڵام ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن و کێشەکان بەردەوام بن، ئەوا یانەکانی پاریس سان جێرمان، مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، چێڵسی و بایەرن میونشن لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێک.

بابەتی زیاتر

Back to top button