
یاریگا –
هانزی فلیک وەک زۆرێک لە هاندەرانی بارسێلۆنا پێشبینی نەدەکرد دوای وەرزێکی مێژوویی تیپەکەی بەم شێوەیە بکەوێت.
لەدەرەوەی ئەو پێکانانەی کە کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەکە هەبووە، ئەم وەرزە پڕ بووە لە ئاستەنگ بۆ و هانزی فلیک و تیپەکەی، هەر لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتی پێش وەرزەوە تا دواکەوتنی گەڕانەوە بۆ یاریگای کامپ نۆ.
ئەگەر ساڵی یەکەمی فلیک لە بارسا بێوینە بووبێت، ئەوا وەرزی دووەم ئاستەنگی زیاتری هێناوەتە بەردەم رێگەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە. لە پێش وەرزەوە فلیک تووشی چەندین پاشەکشە و پێکان بووە.
1. دواکەوتن لە گەڕانەوە بۆ کامپ نۆ
بڕیار بوو وەرزی نوێ بە تەواوی لە یاریگای کامپ نو بەڕێوە بچێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی تیپەکە و هاندەران. بەڵام دوای سێ مانگ لە دەستپێکردنی خول، گەڕانەوە بۆ یاریگاکە هێشتا بەدی نەهاتووە. گەڕانەوەکە دواخرا بۆ مانگی ئەیلول و پاشان مانگی تشرینی یەکەم و ئێستاش بۆ کۆتایی مانگی نۆڤەمبەر. فلیک، دڵسۆزی یانەکەیە، خۆی لە رەخنەگرتن بە ئاشکرا بەدوور گرتووە، بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە لە ناسەقامگیری بەڵام ئەویش بێزار بوو.
2- دەنگۆی گواستنەوەی فێرمین لۆپێز و کاسادۆ
لە هاویندا ناوی فێرمین و کاسادۆ وەک بژاردەی ئەگەری بۆ فرۆشتن باسکرا، دوو یاریزان کە فلیک بە تەواوی پشتی پێ بەستوون. ئەمەش تا وادەی گواستنەوەی یاریزانان بەردەوام بوو و بەتایبەتی سەبارەت بە فێرمین، بووە هۆی ناسەقامگیری لەناو تیپەکەدا.

3- رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێز
لەنێو ئەم رووداوانەدا، رەنگە رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێز گەورەترین گورز بووبێت بۆ دەستپێکردنی وەرزەکە. گفتوگۆکانی ناو فڕۆکەکە دوای گەشتە ئاسیاییەکان قورسایی زۆری لەسەر فلیک دانا. ئینیگۆ وەرزی رابردوو پێشەنگی هێڵی بەرگری بوو، رۆڵێکی سەرەکی بینی لە شێوازی هێرشبەری فلیک، بە پاسە درێژەکانی و بڕینەکانی قووڵی و خێرایی کاردانەوەی لە یارییەکاندا.
رۆیشتنی بەرگریکارەکە گورزێکی گەورە بوو بۆ فلیک، کە دووانەی بێوێنەیان لەگەڵ کۆبارسی درووست کردبوو. سەرەڕای ئەوەی بە ئاشکرا بێتاقەتی بە رۆیشتنی دەربڕی، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە دەتوانێت بۆشایی ئینیگۆ بەو یاریزانانەی کە هەیەتی پڕبکاتەوە. بەڵام لە پراکتیکدا هێشتا هاوبەشی بەرگری بێ کەموکوڕی نەدۆزیوەتەوە و تیپەکە لە بەرگریدا ناهاوسەنگە. ئامادەنەبوونی ئینیگۆ تەنیا یەکێکە لە هۆکارەکانی کێشەکانی ئێستای بارسێلۆنا.
4- ناسەقامگیری لە گەشتەکانی پێش وەرز
لە دۆسیەی گەشتی ئاسیادا، کێشەکانی وەک ناکۆکی لەگەڵ کۆمپانیای رێکخەر، هەڵوەشاندنەوە و دواکەوتنی پلاندانان تەنیا دۆخەکەیان بۆ راهێنەرەکە خراپتر کرد.
5. پێکانی یەک لەدوای یەک
سەرەتای وەرز بەهۆی پێکانەوە تێکچوو، لە دوورکەوتنەوە گاڤی بۆ ماوەی پێنج مانگ تا دەگاتە خوان گارسیا و لیڤاندۆڤسکی و رافینیا و ئۆلمۆ و باڵدێ. لە کاتێکدا وەرزی رابردوو تیپەکە لە رووی جەستەییەوە سەقامگیر بوو، بەڵام ئەمساڵ بارودۆخ زۆر قورستر بوون.

6- مامەڵەکردن لەگەڵ خۆبەزلزانینی یاریزانان
هەندێک لە هەڵسوکەوتی یاریزانەکان وایکردووە فلیک لە چەندین بۆنەدا کاردانەوەی توندی هەبێت. دوای یارییەکەی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ جەختی لەوە کردەوە کە نابێت یاریزانان خۆیان لە تیپەکە بە گرنگتر بزانن. ئەم پەیامە جەنجاڵییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بە گشتی هەرچەندە هێشتا کات بۆ چارەسەرکردنی ماوە، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە فلیک لە ساڵی دووەمی راهێنەرایەتیدا رووبەڕووی چەند ئاستەنگی دەرەکی بووەتەوە کە ئەرکەکەیان لێ قورستر کردووە.



