
یاریگا –
ئاستی یاریزانانی ریال مەدرید ئەم وەرزە بەراورد بە وەرزی رابردوو گۆڕانکاری زۆری بەسەرهاتووە.
ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی چابی ئاڵۆنسۆ تەواو نوێ بووەتەوە، لە بەرزترین فۆرمی تیبۆ کۆرتوا تاوەکوو ئاستی نایابی ئاردا گولەر و گۆڵە یەک لە دوای یەکەکانی کیلیان ئێمباپێ. بەڵام یەکێک لەو یاریزانانەی کە لە پشت سەرکەوتنی سیستەمە سەرکەوتووەکەی چابی ئاڵۆنسۆیە، ئۆرێلیان چۆامێنییە.
لە کاتێکدا زۆرجار سەردێری هەواڵەکان باسی هێرشبەرەکانی مێرەنگی دەکەن، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەو یاریزانە فەرەنسییە یەکێک بووە لە پایە سەرەکییەکانی پشت پەرەسەندنی مەدرید لە سەردەمی راهێنەرە نوێیەکەیدا.
لە دوای هاتنی ئاڵۆنسۆوە، چۆامێنی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و وەکوو پایەی سەرەکی پێکهاتەی ریال مەدرید دادەنرێت. بردنەوەی ئیل کلاسیکۆ بە تەواوی گۆڕانکارییەکانی ئەوی نیشاندا. لەژێر فشاردا ئارام و لەڕووی تاکتیکییەوە بێ کەموکوڕی بوو.

چوامێنی لە رووی ئامارەوە، لە هەر یەکێک 13 یاریی ئەم وەرزەی ریال مەدری بەشداری کردووە لە 12 یاریی لە پێکهاتەی سەرەکی بووە و لە کۆی 1170 خولەک 1089 خولەک یاریی کردووە. ئەمەش واتە تا ئێستا 93% لە کۆی گشتی هەموو یارییەکان یاریی کردووە.
بەرامبەر بارسێلۆنا، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێدواردۆ کاماڤینگا هێڵی بەرگرییان کۆنتڕۆلکردبوو و رێگرییان لە هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی هێرشبەرانی بارسێلۆنا کردبوو و بوونە هۆکاری سەرکەوتنی تیپەکەیان.
ئاستی چوامینی لەم یارییەدا بەرزترین ئاستی بوو بەراورد بە یارییەکانی رابردووی، 89% پاسی درووستی لە یارییەکەدا هەبوو، هەروەها دووەم یاریزان بوو لە رووی بەرکەوتنی لەگەڵ تۆپ (45 جار)، تەنیا جود بێلینگهام لەو زیاتر بوو بە (53 جار).
لە رووی هێرشبردنیشەوە بە سێ پاسی سەرکەوتوو بەشداری کرد، تەنیا ئێمباپێ توانی زیاتر لەو واتە چوار پاسی درووستی هەبێت.
ئاڵۆنسۆ پێکهاتەیەکی تاکتیکی دروستکردووە کە بە تەواوی لەگەڵ سیفەتەکانی چۆامێنیدا دەگونجێت. ئێستا ئەو پایەی سەرەکە مەدریدە، ئەو یاریزانەی کە تیپەکە بە یەکگرتوویی دەهێڵێتەوە کاتێک لە هێڵی بەرگری لاواز دەبێت و هاوسەنگی درووست دەکاتەوە. ئەو رەخنانەی وەرزی رابردوو لێی دەگیرا بوونە هۆکارێک بۆ هەوڵدانی زیاتری و ئەم وەرزە ئەستێرەی سەرەکی هێڵی بەرگری مەدریدە.



