
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری ریال مەدرید خەڵاتی گۆڵکاری وەرزی رابردووی پێدەدرێت.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، هەینی 31ـی ئۆکتۆبەری 2025 کاتژمێر 14:30 بەکاتی هەولێر کیلیان ئێمباپێ خەڵاتی پێڵاوی زێڕین وەک گۆڵکاری ئەوروپا و خەڵاتی پیچیچی وەک گۆڵکاری لالیگا وەردەگرێت و رێوڕەسمەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە سەرپەرشتی رۆژنامەی مارکا بەڕێوەدەچێت.
خەڵاتی پێڵاوی زێڕین لە ساڵی 1968ـەوە دەدرێت بە باشترین گۆڵکاری ئەوروپا، یاریزانانی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا (ئینگلتەڕا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا) بۆ هەر گۆڵیک دوو خاڵ وەردەگرم، بەڵام یاریزانانی خولەکانی دیکەی وەک (پۆرتوگال، یۆنان، هۆڵەندا، روسیا و تورکیا) بۆ هەر گۆڵێک 1.5 خاڵ وەردەگرن.

وەرزی رابردوو کیلیان ئێمباپێ لە 34 یاریی لالیگا 31 گۆڵی کرد و 62 خاڵی کۆکردەوە، ڤیکتۆر یۆکێرێش، هەرچەندە 39 گۆڵی بۆ سپۆرتینگی پۆرتوگالی کرد بەڵام 58.5 خاڵی کۆکردەوە و پلەی دووەمی بەدەستهێنا، محەمەد سەڵاحیش بە 29 گۆڵ 58 خاڵی کۆکردەوە و لە پلەی سێیەم بوو.
هەر لە رۆژی هەینی، جیا لە پێڵاوی زێڕین، خەڵاتی پیچیچی وەک گۆڵکاری لالیگا بە کیلیان ئێمباپێ دەدرێت، هێرشبەرە فەڕەنسییەکە لە یەکەم وەرزیدا لە ئیسپانیا بووە گۆڵکاری خولەکە.
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی لە مێژوودا زۆرترین پێڵاوی زێڕینی بردووەتەوە کە شەش جارە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆروگالیش چوار جار خەڵاتەکەی بردووەتەوە، هاوکات کیلیان ئێمباپێ یەکەمجارە پێڵاوی زێڕین بۆ باشترین گۆڵکاری ئەوروپا بەدەستدەهێنێت.




