
یاریگا –
کۆمەڵەی خولی ئیسپانیا ”لالیگا” بەتووندی سەرکۆنەی هوتافەکانی دژی بارسێلۆنای لە یاریی ئێل کلاسیکۆی بەرامبەر ریال مەدرید دەکات.
مەدرید 2-1 یارییەکەی بردەوە و پێگەی خۆی لە پێشەنگایەتی لالیگا تۆکمەترکرد، ئێستا بە 27 خاڵ لە 10 یاریی پێشەنگە و پێنج خاڵ لە بارسێلۆنای خاوەن پلەی دووەم دوورکەوتەوە.
لالیگا سکاڵای بە نووسراو ئاڕاستەی لێژنەی کێبڕکێیەکان لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی کردووە.
سکاڵاکەی لالیگا باسی لە چەند وردەکارییەک کردووە، لەوانە؛
هووتافەکان هاندانی بۆ تووندوتیژی یاخود ناوەڕۆکەکەی سووکایەتی تێدابووە کە لە هەستی لێبووردەیی لە یارییەکانی تۆپی پێ دووربووە. لە یاریی کلاسیکۆ چەند جارێک تێبینی ئەمجۆرە هووتافانە کرا.
بەگوێرەی یاسا، ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە قەدەخەن و سزای تووندی لەسەرە.
35 خوولەک بەر لەدەستپێکی یارییەکە، هەروەها لە خوولەکی دووەمی یارییەکەدا، کۆمەڵێک لە هاندەرانی ریال مەدرید و بە تایبەت ئەوانەی لە کورسییەکانی باشوور دانیشتبوون، ئەم هووتافانەیان بۆ ماوەی 10 چرکە دەگووتەوە؛
نەفرەت لە بارسێلۆنا، نەفرەت لە بارسێلۆنا.
بەر لە دەستپێکی یارییەکەش، سەرپەرشتیارانی لالیگا تێبینی چەند هووتافێکی دیکەی هاندەرانی ریال مەدریدیان کرد کە دەیانگووت؛
بوون بە هاندەری بارسێلۆنا، کارێکی گەمژانەیە.



