
یاریگا –
راهێنەری هەولێر یارییەکەی بەرامبەر نەورۆز بە زەحمەت ناو دەبات و دەشڵێت وەرگرتنی سێ خاڵمان لە هزری یاریزانەکان چەقاندووە.
بە ئامانجی بەردەوام بوون لە ئەنجامە باشەکان، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە شەوی چوار شەممە ( 29ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) رووبەڕووی نەورۆز دەبێتەوە، راهێنەری هەولێر دەڵێت ئەم یارییە بۆ ئێمە ئاسان نابێت و تایبەت گۆڕینی راهێنەری نەورۆز کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر کەشی تیپەکە.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دەربارەی ئامادەکارییان بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەورۆز گووتی:
هەمیشە کارمان کردووە لەسەر دەروونی یاریزانەکان و ئەوەمان لە هزری یاریزانەکان چەقاندووە کە دەبێ لە یارییەکان تەنیا بۆ سێ خاڵ یاریی بکەن، یارییەکەمان ئاسان نیە تایبەت دوای گۆڕینی راهێنەری نەورۆز، بەڵام باوەڕم بە یاریزانەکانم هەیە کە ئەنجامێکی باش بەدەست دەهێنین، هەمووکات دەمانەوێ پارێزگاری لەوخاڵانە بکەین کە بوونەتە هۆی بە دەست هێنانی ئەو ئەنجامە باشانە، جا چ لە ناوەوە یاخود دەرەوەی یاریگابێت، لە چاوی یاریزانەکانم سووربوون دەبینم کە نایانەوێت هیچ خاڵێک لە دەست بدەن، دەرفەتێکی ترمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پارێزگاری لە ناوی هەولێر بکەین.
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی یانەی قەڵاومنارە هۆکاری سەرکەوتنەکانی تیپەکە و ئامادەکاریان بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەورۆز باس کرد و گووتی:
یەک دەستی نێوان یاریزانان و راهێنەر و پاڵپشتی هاندەران و بەرپرسان نهێنی سەرکەوتنەکانی ئێمەیە، سوپاس بۆ هەمووان کە ئەوانەی هاوکار و پاڵپشت بوونە بۆ ئەم ئەنجامە باشانە، بەهیوای سەرکەوتن هاتووینە سلێمانی و ئامادەکاری باشمان بۆ یارییەکەی نەورۆز کردووە.
هەریەک لە مستەفا قابیلی هێرشبەر و پاڤلی رادانۆڤیچی هێرشبەری سڕبی بەهۆی پێکانەوە بەشداری یارییەکە ناکەن، هەولێر 13 خاڵی هەیە و بە جیاوازی یەک گۆڵ لە ریزبەندی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



