
یاریگا –
راهێنەری نوێی نەورۆز باس لە دۆخی خراپی یانەکە دەکات و دەڵێت تەنیا کارمان لەسەر دەروونی یاریزانەکان کردووە.
چوارشەممە ( 29ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، کاتژمێر 8:30ـی شەو نەورۆز میوانداری هەولێر دەکات، یەکەم یاریی نوێنەرەکەی سلێمانیە لە ژێر سەرپەرشتی وەلی کەریمی راهێنەر.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز باس لە ئامادەکاری تیپەکەی دەکات بۆ یارییەکەی هەولێر و دەڵێت تەنیا یەک رۆژ مەشقمان کردووە، راهێنەرە نوێیەکەی نەورۆز زیاتر گووتی:
دوێنێ کارگێڕی یانە پەیوەندیان پێوەکردووم بۆ ئەوەی ئەرکی ئەم تیپە وەربگرم، بە خۆشحاڵیەوە گرێبەستم بۆ ماوەی سێ وەرز لەگەڵ نەورۆز واژۆ کردووە، ئامادەکاریمان باش نیە، تەنیا یەک رۆژ مەشقمان کردووە و زیاتر کارمان لەسەر دەروونی یاریزانەکان کردووە، لە پێنج یاریی چوار یاریی دۆڕاوین ئەمەش کاریگەری لەسەر تیپەکە و یاریزانەکان هەیە.
مەڕوان حوسێن، هێرشبەری یانەی نەورۆز سەبارەت بە ئامادەکاری تیپەکە و هاتنی راهێنەری نوێی یانەکە گووتی:
سەرجەم یاریزانەکان باوەڕی تەواومان بە وەلی کەریمی راهێنەر هەیە و خاوەن ئەزموونێکی باشە لەگەڵ نەورۆز و لە خولەکە، پێویستمان بە یەک دەستی و یەکگرتوویی هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامی باش بەدەست بهێنین.
سوور پۆشەکانی سلێمانی ئەم وەرزە بە دۆخێکی دارایی قوڵ تێدەپەڕن و ئەنجامەکانیشیان لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بە دڵی هاندەرەکانی نیە، نەوڕۆز تەنیا سێ خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 18ـەی خولەکە دێت.



