
یاریگا –
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی تۆپی پێ لە دوایین چاوپێکەوتنیدا سەرسامی خۆی بۆ کۆمەڵێک وەرزشوان دەربڕی.
ئەو سوپەرستارە ئەرجەنتینییە ناوی پێنج وەرزشکاری سەردەمی خۆی هێنا و دواتر باسی ئەفسانەیەکی رابردووی کرد.
لە میانی چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەی کەناڵی ئێن بی سی، پرسیار لە لیۆنێل مێسی کرا کە لە وەرزشەکانی دیکەدا سەرسامە بە کام کەسایەتی وەرزشی و لە وەڵامدا گوتی:

بە یاریزانانی تێنسی سەرزەوی وەک فێدرێر و رافا نادال و جۆکۆڤیچ سەرسامم، پێموایە ئەو سێ یاریزانە پێشبڕکێکەیان زۆر گەورەتر کرد لە پێشوو، ئەو راستییەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر شەڕیان کرد بۆ ئەوەی باشترین بن و زۆر لە یەکتر نزیک بوون، هێندەی تر سەرنجڕاکێشتری کرد.
دواتر باسی ئەفسانەکانی تۆپی باسکەی کرد و گوتی:
“بە دڵنیاییەوە ناوی زۆرێک لە وەرزشوانان لەبیر دەکەم، بەڵام ئەگەر پێویست بکات تیشک بخەمە سەر چەند وەرزشوانێک، ئەوا لە باسکەدا لێبرۆن جەیمس و ستیڤن کاریمان هەیە کە بەڕاستی سەرسامیانم و پێموایە زۆر باش لە یارییەکە تێدەگەن و هەریەکەیان ئاستی وەرزشەکەیان بە شێوازی خۆی بەرزکردووەتەوە”.
لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر نمونەکان، ئەستێرەکەی ئینتەر مەیامی باسی کاریگەری دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای کرد و لەگەڵ مایکل جۆردن لە باسکەدا بەراوردی کرد.
گوتی:
بۆ ئێمەی ئەرجەنتینی، مارادۆنا گەورەترین ئەفسانە بوو، بۆ هەموو ئەو شتانەی کە نوێنەرایەتی دەکرد. هەرچەندە من بچووک بووم و زۆرێک لە یارییەکانی بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەمبینی، بەڵام دیێگۆ لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو، ئەگەر باسی باسکە بکەین، پێموایە هەمان شت لەگەڵ مایکل جۆردن روویدا.



