
یاریگا –
لامین یامال، ئەستێرەی بارسێلۆنا گوێ بە فشارەکانی پێش و دوای یاریی کلاسیکۆ نادات، هەرچەندە هاندەرانی ریال مەدرید، بە فیکە ناڕەزایەتییەکی زۆریان بەرامبەر یامال پیشاندا.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، یامال لە کاتی گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا، نیگەرانییەکی ئەوتۆی پێوە دیارنەبوو، هەرچەندە دوو رۆژ بوو، یامال ترێندی وەرزشی جیهان بوو.
هاوتیم و یانەی بارسێلۆنا بە تەواوی پاڵپشتی یامالی تەمەن 18 ساڵان دەکەن، بۆیە گوێی بە هێرشە فراوانەکەی مەدرید نەدا، هەرچەندە لێدوانی پڕمشتومڕی بەر لە ئێل کلاسیکۆ دابوو.
”زوو هەڵچوون لە کەسایەتیدایە”
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، یامال گرنگی بە رەخنەکان نادات، لامین پێیوایە، ئیتر هەر چ قسەیەکی کردبێت یاخود بیکات، هەر دەبێتە بابەتێکی پڕمشومڕ، ئەمەش بەهۆی ئامادەیی بەردەوامی لە سۆشیاڵ میدیا و کاریگەری نیکی نیکۆڵی کەپڵی.
بارسێلۆنا دەزانێت چۆن لامین بپارێزێت، چونکە وەکو چەکێکی ستراتیجی سەیری یامال دەکەن.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەی نێو یانە کاتالوونییەکە بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای بچووکی تەمەنەکەی، بەڵام یامال گەشەسەندوویی پیشانداوە، بابەتی زوو هەڵچوونەکەشی پەیوەندی بە زۆری متمانەبوونە بەخۆی. بۆیە لە بارسێلۆنا زوو هەڵچوون و متمانەبەخۆبوون، بە دوو فاکتەری سەرەکی لە کەسایەتی یامال دادەنێن.
لە ژینگەیەکی دووژمنکارانە گەورەبووە
یامال تەمەنی منداڵی لە ژینگەیەکی دووژمنکارانە بەڕێکردووە، بۆیە زوو زوو دەگۆڕێت پێش یاریی کلاسیکۆش گوتبووی ”دەمێکە هەستی ترسم لە گەڕەکی ماتارو جێهێشتووە”.
بارسێلۆنا لەڕێی کەسانی شارەزا، چاودێری و یارمەتی یامال دەدات، تاوەکو زیاتر لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا بەدوور بخەنەوە، هەرچەندە یامال پێیوایە هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە.
دەستەی کارگێڕی بارسا و ستافی راهێنەرایەتی پێیانوایە، یامال هەڵسوکەوتی پیشەیی دەنوێنێت، لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا و هەرگیز هیچ یاسایەکی یانەکەی پێشێل نەکردووە، لە لایەکی دیکەشەوە، زۆر بە کاتی مەشق پابەندە.



