
یاریگا –
بارسێلۆنا تاقیکردنەوەیەکی قورسی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ریال مەدرید لە گەڕی نۆیەمی لالیگا هەیە.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسا تۆمارێکی نموونەیی بەرامبەر ریال مەدرید هەیە، خاوەنی چوار بردنەوەیە لە کۆی چوار رووبەڕووبوونەوەی وەرزی رابردوو.
بارسا لە چوار یاریدا 16 گۆڵی لە ریال مەدرید کرد و حەفت گۆڵیشی لێکرا، لەوانە پێنج گۆڵییان لەلایەن کیلیان ئێمباپێ کران.
فلیک هەرگیز وەکو راهێنەر بەرامبەر ریال مەدرید نەدۆڕاوە، بەڵام رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، فلیک 37 ساڵ بەر لە ئێستا بە مەدرید دۆڕاوە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، فلیک لە وەرزی 1988-87 یاریزانی بایرن میونشن بوو، ئەوکاتەش تیمەکەی بە ریال مەدرید دۆڕا.
ریال مەدرید و میونشن لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی ئەوروپی لە مارس/ئاداری ساڵی 1988 رووبەڕووبوونەوە. میونشن یاریی چوونی 3-2 بردەوە و لە یاریی گەڕانەوەش 2-0 دۆڕا.
لەدوای ئەو یارییەوە، فلیک هەرگیز رووبەڕووی ریال مەدرید نەبووەوە، تاوەکو بووە راهێنەری بارسێلۆنا.
فلیک بۆ ئێل کلاسیکۆی ئەمشەو لە تواناکانی رافینیا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و خوان گارسیا بێبەشە، لە بەرامبەردا ژووڵ کۆندێ، بەرگریکاری فەڕەنسی بەردەستە و لەوانەیە سەرەکی بێت.



