Loading...
ئیتاڵیاگرنگترین

کۆنتێ بەڕووی ماڕۆتا و مارتینێز دەتەقێتەوە؛ ناپۆلی هەرگیز نامرێت

راهێنەرە ئیتاڵییەکە هێرشێکی تووند دەکاتە سەر یانەی پێشووی خۆی

Yariga App

یاریگا –

ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەرە پڕ مشتومڕەکەی ناپۆلی گڕی لە کەشی سێریا ئەی بەردا، دوای بردنەوەی 3-1 لە ئینتەر میلان، لە لووتکەی گەڕی هەشتەمی خوولەکە.

کۆنتێ تەنیا بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە وازی نەهێنا، بەڵکو بە لێدوانی ئاگرین هێرشێکی توندی کردە سەر کارگێڕی ئینتەر میلان و رەخنەی لە هەڵسوکەوتی لاوتارۆ مارتینێز، کاپتنی ئینتەر گرت، دوای ئەوەی بە ئاماژەی ‘نا ئەخلاقی’ هێمای بۆ کرد.

کۆنتێ کە پێشتر راهێنەری ئینتەر میلانیش بووە، نیرازۆری بە هەوڵدان بۆ هێنانەوەی بیانوو تۆمەتبارکرد، دوای ئەوەی مشتومڕێکی زۆر لەسەر لێدانی سزا دروستبوو.

کۆنتێ دووپاتیکردەوە، ناپۆلی بۆ خۆبەدەستەوەدان بۆ مردن نەهاتووەتە یارییەکە.

ناپۆلی بە کۆمەڵێک قەیران و کێشەی قووڵ یارییەکەی دەستپێکرد، دوای دۆڕانی چوار یاریی لە کۆی حەفت یاریی فەرمی رابردوو، لەوانە دۆڕانە گەورەکەیان بەرامبەر ئایندهۆڤن (6-2) لە چامپیۆنزلیگ.

سەرەڕای ئاستەنگەکان، ناپۆلی لەڕێگەی کێڤن دی بڕۆین و بە لێدانی سزا، گۆڵی یەکەمی یارییەکەی کرد، بەڵام ئەستێرە بەلجیکییەکە بەهۆی تووشبوونی بە پێکانی ران، نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و بەگریانەوە یاریگای دیێگۆ ماڕادۆنای جێهێشت.

سکۆت ماکتۆمینای گۆڵی دووەمی یارییەکەی کرد، دواتر هاکان چاڵهانئۆغڵو بە لێدانێکی سزا، ئەنجامەکەی کردە 2-1. ئاندرێ فڕانک ئانگێسا، یارییەکە بە گۆڵی سێیەم بۆ ناپۆلی یەکلاییکردەوە و پارتێنۆپی سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.

ئینتەر باشترینی ئیتاڵیایە

کۆنتێ لەدوای یارییەکە قسەی بۆ تۆڕی دازن ئیتاڵیا کرد و گوتی؛

لەگەڵ تیمەکەم دەچمە نێو وردەکاری یارییەکان و لەگەڵیان دەژیم، بە هەموو هەستێکەوە لەگەڵیانم.

ئەمڕۆ یاریمان بەرامبەر باشترین یانەی ئیتاڵیا کرد، راستە هەندێک خاڵییان لەدەستداوە، بەڵام پێکهاتەیەکەیان لە هەموو تیمەکانی دیکە باشترە.

گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە دوو سێ جار، بە رێککەوت نییە.

سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بردنەوەی ئەم یارییە دەستکەوتە. هەریەکە لە لۆبۆتکا، رەحمانی، مێریت و هۆیلوند ئامادەی یارییەکە نەبوون، لە یارییەکەشدا دی بڕۆینمان لەدەستدا. لوکاکو بەشداری لە ئامادەکارییەکانی وەرز نەکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەردەوامین.

هێرشکردنە سەر ماڕۆتا و ئینتەر

سەرەڕای ستایشکردنی ئینتەر میلان لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا، کەچی دواتر هێرشێکی توندی کردە سەر ئینتەر و لاوتارۆ مارتینێز.

ئەمڕۆ هاتبوونە ئێرە تاوەکو لەڕووی تۆپی پێوە بمانکوژن، چونکە حەفت یاریی بوو نەدۆڕابوون و لە دۆخێکی نموونەییدان. بەڵام ئێمە دوو یاریمان بەدوای یەک دۆڕاندبوو، بەڵام نەماندەویست بمرین، لەنێو ئەم هەموو دۆخە سەختەدا، ئاستێکی زۆر باشمان پێشکەشکرد و کەسایەتی راستەقینەمان پیشاندا.

یارییەکە بارگاوی کرابوو و چەندینجار شەڕەقسە لە نێوان یاریزاناندا روویدا. لە بەشێکی یارییەکەدا کۆنتێ لەگەڵ دێنزل دۆمفریس و مارتینێز شەڕە قسەی دەستپێکرد، دەستبەجێ کارتێکی زەردی پێدرا و مارتینێز بە ئاماژەی پڕ لە تووڕەیی هێرشی دەکردە سەر کۆنتێ.

لە وەڵامی پرسیارێکدا، ئایا مشتومڕەکەیان پەیوەندی بەوە هەبووە کە پێشتر پێکەوە لە ئینتەر کاریان کردووە؛

لە یاریی ئەم ئاستەدا، روودانی ئەم بابەتانە ئاساییە، بەڵام دەمەوێت بەبیر هەمووان بێنمەوە، من بووم نازناوی خولی ئیتاڵیم دوای 10 ساڵ بۆ ئینتەر میلان بردەوە.

دوای نۆ وەرز لە باڵادەستی یوڤێنتوس، ئێوە باش لەم مانایە تێدەگەن. یادەوەری زۆر ناوازەم لەگەڵ ئینتەر هەیە.

مارتینێز؟ یاریزانێکی نموونەییە، لەوانەیە لەسەر ئاستی کەسی زۆر باش نەمناسیبێت، بەڵام هیوای باشترینی بۆ دەخوازم و هیچ کێشەیەکم لەگەڵ نییە.

پریشکی گەورەی مشتومڕەکە لەو کاتەدا روویدا، کاتێک ئینتەر میلان لە جیاتی کریستیان چێڤۆ، بڕیاریدا جیۆزێپی ماڕۆتا، سەرۆکی ئینتەر بنێرێتە پرێش کۆنفڕانسی دوای یارییەکە، تاوەکو رەخنە لە لێدانە سزاکە بگرێت.

ئینتەر زۆربەی جار سەرۆک و بەڕێوەبەرانی خۆی دەنێرێت، بەڵام لە ناپۆلی تەنیا من قسە بۆ میدیاکان دەکەم. ئەوەی ئەوان دەیکەن، بیانوو هێنانەوەیە بۆ دۆڕانەکەیان.

بەڕاستی بەلای منەوە شتێکی نالۆژیکییە، سەرۆکی یانە بیانوو بۆ دۆڕانەکە بهێنێتەوە و لە جیاتی راهێنەر قسە بۆ میدیاکان بکات.

زۆر بەڕێزەوە ئەم قسەیە دەکەم، بەڵام ئەمجۆرە هەڵسوکەوتە، بەهای راهێنەر زۆر کەمدەکاتەوە.

بەردەوام بەرگریم لە خۆم کردووە و بەرپرسیارێتی قسەکانم گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام کاتێک یانەیەک ئەم جۆرە لێدوانانە دەدات، بەلامەوە سەیرە.

ئێمە هاتینە ئەم یارییە تاوەکو بیسەلمێنین، خۆمان بەدەستەوە نادەین.

بابەتی زیاتر

Back to top button