
یاریگا –
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا جارێکی دیکە گڕی لە کەشوهەوای پێش کلاسیکۆ بەردا و هەمووانی بەخۆی سەرقاڵ کردەوە.
یامال ئەمجارە لەڕێی هەژمارەکانی خۆی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا، پەیامی نوێی ئاڕاستەی ریال مەدرید کرد، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک بەسەر پۆدکاستە پڕ مشتومڕەکەی لەگەڵ ئێبای یانۆس.
کوڕە کاتالوونییەکە ڤیدیۆییەکی کورتی خۆی بڵاوکردەوە، لە ڤیدیۆکەدا باسی ماناکانی هیوا و ئاڵنگاری بەر لە جەنگی بێرنابیۆ کرد.
یامال باسی لە چۆنیەتی جێهێشتنی هەستی ترسی لە گەڕەکی ماتارو (شوێنی گەورەبوونی) کرد؛
ئەو یاریزانەی لە گەڕەکێکی میللی دەرچووە، رکابەری لەسەر بەناوبانگ بوون ناکات، بەڵکو رکابەری لەسەر داهاتوو دەکات.
ئەم یاریزانە بۆ سەرنجڕاکێشان یاریی ناکات، بەڵکو تاوەکو نەگەڕێتە دواوە. فشارە راستەقینەکە لە یاریگادا نییە، بەڵکو لە چاوی ئەوانەدایە کە هەرگیز لە بڕوابوون پێی نەوەستاون.
کاتێک گۆڵ دەکات، ئاهەنگ بۆ خۆی ناگێڕێت، بەڵکو دەزانێت ئەم گۆڵە لەوانەیە هەموو شتێک بگۆڕێت. بۆ خۆی و ماڵبات و گەڕەکەکەی.
View this post on Instagram
لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا دەنگی یامال دەبیسترێت و دەڵێت؛
ترس؟ دەمێکە ترسم لە ماتارو جێهێشتووە.
یاریزانانی بارسێلۆنا گلەیی لە ‘گەمژەیی’ لێدوانەکانی یامال دەکەن و کارڤاخال سنوورێکی بۆ دادەنێت
یامال هەر بەمە نەوەستا، بەڵکو وێنەیەکی یاریی کلاسیکۆی رابردووی بڵاوکردەوە کە ئاهەنگ دەگێڕێت، لە وێنەکەدا هاندەرانی ریال مەدرید بە تووڕەییەوە دەردەکەون.
پۆدکاستەکەی یامال گڕی لە کەشوهەوای پێش کلاسیکۆ بەردا کاتێک ریال مەدریدی بە دزینی یارییەکان تۆمەتبارکرد، ئەمەش کاردانەوەی تووندی لە یاریزانانی ریال مەدرید بەدوای خۆیدا هێنا.
ریال مەدرید بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگایە و هەر چوار کلاسیکۆی وەرزی رابردوو بە بارسا دۆڕاند.



