
یاریگا –
ئەمڕۆ لە یاریی لووتكە و لە كلاسیكۆی زەوی ریال مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری بارسێلۆنای ركابەری هەمیشەیی دەكات.
وا بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر 18:15 بە كاتی كوردستان ریال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە خۆی میوانداری بارسێلۆنا بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی دەیەمی لالیگای ئیسپانیا.
پڕۆفایلی یاریی

ریال مەدرید لە یەكەم كلاسیكۆی ئەم وەرزەدا دەیەوێت جیاواز لە وەرزی رابردوو بچێتە یاریگا و تۆڵەی چوار كلاسیكۆی وەرزی رابردوو بكاتەوە.
یانە شاهانەكە لەم وەرزەدا بە راهێنەرایەتیكردنی چابی ئاڵۆنسۆ ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكەن و لە كۆی نۆ یاریی هەشت یارییان بردووەتەوە و یارییەكیش دۆڕاون.
بە كۆكردنەوەی 24 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی لالیگای ئیسپانیایان گرتووە.
بارسێلۆنای بریندار بە بێ چەند ئەستێرەیەكی سەرەكی دەچێتە مەدرید و بە سەركردایەتی لامین یامالی لاو رووبەڕووی یانە شاهانەكە دەبێتەوە.
لەم وەرزەی لالیگادا بارسێلۆنا لە كۆی نۆ یاریی حەوت یاریی براوە بووە و یارییەک یەكسان بووە و یارییەكیش دۆڕاوە.
بە كۆكردنەوەی 22 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی لالیگای ئیسپانیا دێت.
زانیاری یاریی
هەردوو یانە لە مێژوودا 261 جار رووبەڕووبوونەتەوە لە 106 جار ریال مەدرید براوە بووە و بارساش 104 یاریی بردووەتەوە، 51 یارییش یەكسان بوون.
لیۆنێل مێسی بە 26 گۆڵ یەكەم گۆڵكاری مێژووی كلاسیكۆیە و كریستیانۆ رۆناڵدۆش هاوشانی دی ستیفانۆ بە 18 گۆڵ لە پلەی دووەم دێت.
لە هەشت كلاسیكۆی رابردووی نێوانیان ریال مەدرید چوار یاریی بردووەتەوە و بارسێلۆناش چوار یاریی.
وەرزی رابردوو چوار جار رووبەڕووبوونەوە بارسێلۆنا هەر چوار یارییەكەی بە ئەنجامی 16 گۆڵ بە 7 لە ریال مەدرید بردەوە.
هانزی فلیک چوار یاریی بەرامبەر ریال مەدرید كردووە هەر چوار یارییەكەی بردووەتەوە و یەكەمجارە چابی ئاڵۆنسۆ وەک راهێنەر رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
ریال مەدرید تەنیا لە تواناكانی دەیڤد ئالابا و ئانتۆنیۆ رودیگەر بێبەش دەبێت.
لە بەرامبەردا بارسێلۆنا بە بێ رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، رافینیا، خوان گارسیا، دانی ئۆلمۆ، كریستێنسن، گاڤی و تێر شتیگن رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.
پێكهاتەی پێشبینیكراوی ریال مەدرید
كۆرتوا
ڤاڵڤێردی ،میلیتاو، هاوسن، كارێراس
چوامینی، گولەر، بێڵینگهام
ماستانتونۆ، ئێمباپێ، ڤینیسیۆس
پێكهاتەی پێشبینیكراوی بارسێلۆنا
چێزنی
ئێریک گارسیا، ئاراوخۆ، كوبارسی، بالدێ
دی یۆنگ، پێدری
لامین یامال، فێرمین، راشفۆرد
فێران



