
یاریگا –
دهۆک یەکەم یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەری نوێ دەکات.
دوای دەست لەکارکێشانەوەی سلێمان رەمەزان لە ئەرکی راهێنەرایەتی دهۆک، عەبدولغەنی شەهد ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی وەرگرت و ئەمشەو ( 25ـی ئۆکتۆبەر 2025 ) کاتژمێر 8:30 یەکەم یاریی بەرامبەر نەورۆز دەکات.
عەبدولغەنی شەهد، دەربارەی ئامادەکردنی تیپەکەی بۆ ئەم یارییە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند:
یاریی بەرامبەر نەورۆز یەکێک لە یارییە گرینگەکانە، بۆیە دەستەی کارگێڕی و یاریزانان و هاندەرانیش بە پەرۆشن بۆ ئەم یارییە، دەمانەوێت جارێکی دیکە دهۆک بە سەرکەوتنەکان شاد بکەینەوە، یاریزانەکانیش بۆ ئەم یارییە ئامادەن وێڕای هەبوونی تێبینی لەسەر چەند یاریزانێک بەڵام لە کاتی وەستانی خول سەرجەم یاریزانەکانمان ئامادە کردووە.
ئەندریە سناتی، ناوەراستکاری یانەی دهۆک دەربارەی ئامادەکاری یاریزانەکان بۆ ئەم یارییە گووتی:
ئامادەکارییەکانمان باشن بە تایبەت لە رووی توانای جەستەییەوە، لەگەڵ راهێنەری نوێ کاری باشمان کردووە بۆ ئەوەی سەرکەوتن تۆمار بکەین، بەڵێن بە هاندەران دەدەین لەنێو یاریگا بجەنگین بۆ ئەوەی جارێکی تر دڵخۆشیان بکەین.
دهۆک لە چوار یاریی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە هەر چوار یارییدا دۆڕاوە، بەبێ خاڵ لە ریزبەندی 19ـەی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە 30ـی ئەم مانگە لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەفت دەبێتەوە.



