Loading...
ئیسپانیاکوردستانگرنگترین

چاپی ئالۆنسۆ بە دیپلۆماسییەتەوە وەڵامی یاماڵ دەداتەوە

دەتوانین باشتر بین

Yariga App

یاریگا –

چاپی ئالۆنسۆ، ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید، لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی پێش یاریی کلاسیکۆدا، جەختی لەسەر گرنگیی یارییەکە وەک یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەی پڕۆژە نوێیەکەی کردەوە.

ئالۆنسۆ خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی لێدوانەکانی لامین یاماڵ دزییەوە و ڕایگەیاند کە تەرکیزی تەنها لەسەر یارییه‌كه‌یه‌. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی یاریزانەکانی گەڕاونەتەوە و هێشتا پێکهاتەی سەرەکیی یەکلایی نەکردووەتەوە.

چاپی ئالۆنسۆ، ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید، بە ورەیەکی بەرز و تەرکیزێکی تەواوەوە دەرکەوت و جەختی لەوە کردەوە کە یاریی کلاسیکۆ یارییەکی تایبەتە و یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەی پڕۆژە نوێیەکەیانە، ئالۆنسۆ داوای لە هاندەران کرد کە یاریگای بێرنابیۆ پڕ بکەن لە وزەی یارییە گەورەکان بۆ پاڵپشتیکردنی تیمەکەی.

کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی لێدوانە مشتومڕاوییەکانی لامین یامال، ئالۆنسۆ بە شێوازێکی دیپلۆماسیانە خۆی لە چوونە ناو وردەکارییەکانەوە دزییەوە و گوتی،

“ناچمە ناو ئەم بابەتەوە، لێدوان لەسەر هەموو قسەکانی نادەم، گرنگ یاریگایە و ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت چۆن یاری بکەین”

ئالۆنسۆ لە وەڵامی پرسیارێکی تریشدا کە ئایا قسەکانی یاماڵ کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێت، گوتی،

“ئایا دەبێت بگەڕێینەوە سەر باسی ئەو؟ ئەوەی لە مێشکی مندا بێت، یارییەکی گه‌وره‌ و قورس دەبێت، دەبێت ئامادە بین و یاریزانەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن، بیر لە شتی تر ناکەمەوە.”


پێکهاتەی سەرەکی و ئامادەیی یاریزانان

ئالۆنسۆ دان بەوەدا دەنێت کە هێشتا لە قۆناخی بیرکردنەوەدایە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی سەرەکی و گوتی،

“هێشتا بیر لە پێکهاتەکە دەکەمەوە. خۆشبەختانە، نزیکەی هەموو ئەو یاریزانانەمان بۆ گەڕاوەتەوە کە بەرامبەر یۆڤێنتۆس یارییان نەکرد”


لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا یاریزانێک بە ئامادەیی 80٪ دەتوانێت بە سەرەکی یاری بکات، بە روونی گوتی

 “هەموو یاریزانەکانی تیمەکە دەتوانن بە سەرەکی یاریی بكه‌ن”

دەربارەی کیلیان ئێمباپێ و ته‌ڵه‌ی  ئۆفسایدەوە، ئالۆنسۆ رایگه‌یاند،

“بەهۆی کوالیتیی یاریزانەکانمانەوە، ڕەنگە بکەونە دۆخی ئۆفسایدەوە، بەڵام دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین و ئاگاداری پاسەکانمان بین. وردەکارییە بچووکەکان جیاوازی دروست دەکەن.”

ئالۆنسۆ جەختی لەسەر گرنگیی یاریی بەکۆمەڵ کردەوە

“سبەی هەمووان یەکلاکەرەوە دەبن، چ لە بەرگری و چ لە هێرشبردن، چ بە شێوەی تاکەکەسی و چ بەکۆمەڵ.”

ڕیاڵ مەدرید دەتوانێت باشتر یاری بکات

لەکۆتاییدا، ئالۆنسۆ دان بەوەدا دەنێت کە تیمەکەی لە قۆناخی گەشەکردندایە و دەڵێت:

“بەڵێ، شێوازی یاریکردنمان بەدڵە، بەڵام دەتوانین باشتر یاری بکەین. ئێمە خەریکی بنیاتنانی بناخەیەکی پتەوین. تیمێکی باشین و پێویستە هەنگاوێکی تر بنێین. هێشتا لە مانگی نۆڤەمبەرداین و هیچ نازناوێکمان نەبردووەتەوە، ڕێگاکە هێشتا درێژە. گرنگترین شت یاریی سبەیە.”

بابەتی زیاتر

Back to top button