
یاریگا –
ژووڵ کۆندێ، بەرگریکاری فەڕەنسی مەشقەکانی بە تەواوی لەگەڵ بارسێلۆنا دەستپێکردووە و بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادەیە.
سبەی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریال مەدرید میوانداری بارسێلۆنا دەکات و هەردوو یانە کێبڕکێ لەگەڵ کات دەکەن، تاوەکو زۆرترین یاریزان بۆ جەنگەکە ئامادە بکەن.
بارسێلۆنا هەوڵی زۆری بۆ ئامادەکردنی رافینیا بۆ یارییەکەدا، بەڵام بەهۆی پەلەکردن و دروستکردنی فشار، ئازاری رافینیا دەستیپێکردووە و ناتوانێت بەشداری کلاسیکۆ بکات، تەنانەت لە چەند یارییەکی دیکەش دادەبڕێت.
لە دوو رۆژی رابردوودا، کۆندێ بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ مەشقەکانی کرد، ئەمەش وایکردووە بۆ جەنگی سبەی ئامادەبێت.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ کۆندێ مەشقەکانی لەگەڵ هاوتیمەکانی کرد و بە ئەگەرێکی زۆر، ناوی لە لیستی یاریزانانی بارسێلۆنا دەبێت.
🔵🔴Koundé estará en el Clásico pic.twitter.com/Vv70MRqBpn
— MARCA (@marca) October 25, 2025
ئامادەنەبوونی رافینیا
بەشداری نەکردنی رافینیا لە کلاسیکۆ یەکلاییبووەتەوە، هەرچەندە لە سێ چوار رۆژی رابردوودا، هیواکانی بەشداریکردنی لە کلاسیکۆ زۆر زیادببوو، بەڵام ئێستا هیچ دەرفەتێکی نەماوە.
مارکا دووپاتیکردووەتەوە، رافینیا تووشی پێکان نەبووەتەوە، بەڵام بارسا گەڕانەوەی بۆ لیستی یاریزانان دوادەخات، تاوەکو 100% ئامادە دەبێت.
بارسێلۆنا پەلەی لە گەڕانەوەی رافینیا کردووە، بۆیە نایەوێت هەڵەیەکی دیکەش بکاتەوە و پشووی زیاتری پێدەدات.
تەواوی ئەندامانی دەستەی هونەری لە درێژبوونەوەی ماوەی دوورکەوتنەوەی بەرپرسیارن.
دوێنێ هەینی، ستافی پزیشکی بارسێلۆنا، پشکنینی تەواویان بۆ ئەستێرە بەڕازیلییەکە کردووە، لە ئەنجامدا بڕیار لە دوورخستنەوەی لە یاریی کلاسیکۆ درا.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، لەوانەیە رافینیا بەشداری چەندین یاریی دیکەش نەکات، هەرچەندە لە کۆتایی سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوو، ماسوولکەی رانی راستی پێککرا و ئەوکاتە ستافی پزیشکی دوورکەوتنەوەی رافینیای بۆ ماوەی سێ هەفتە راگەیاند، بەڵام دوورکەوتنەوەی نزیکەی مانگێکی خایاندووە.
رافینیا سێ گۆڵ و دوو ئەسیستی لە حەفت یاریدا کردووە، بەڵام بەهۆی پێکان بەشداری یارییەکانی پاریس سانجێرمان و ئۆڵمپیاکۆسی لە چامپیۆنزلیگ نەکرد و لەسەر ئاستی لالیگاش لە یارییەکانی ریال سۆسیداد، سێڤییا و جیڕۆنا بێبەشبوو.
جیا لە رافینیا، بارسێلۆنا بەهۆی پێکان لە تواناکانی خوان گارسیا، تێر شتێگن، دانی ئۆلمۆ، گاڤی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بێبەشە، بەڵام هەریەکە لە ئاندرێس کریستێنسن و فرێنکی دی یۆنگ بۆ جەنگی کلاسیکۆ ئامادەن.



