
یاریگا –
یوڤێنتوس هیچ یارییەکی لە دوا حەفت یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان نەبردووەتەوە، دوا دۆڕانیشی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید بوو.
رۆژنامەی لا گازێتا دێلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، لێدوانەکانی ئیگۆر تودۆر، راهێنەری یوڤێنتوس، مشتومڕێکی گەورەی لەنێو یانەکە دروستکردووە و دەستەی کارگێڕی ناچارکردووە، هەنگاوی خێرا بنێت.
بەرپرسانی بیانکۆنێری داوای لە تودۆر کردووە، لە مشتومڕ و کاردانەوەکانی دوای یارییەکان دووربکەوێتەوە و لێدوانی هێمنانە بدات.
تودۆر چی لەبارەی کارگێڕی یوڤێ گوتووە؟
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، دوای لێدوانەکانی تودۆر لە دوای یاریی ریال مەدرید، دەستەی کارگێڕی یانەکە چەند رێکارێکی بەپەلەی بەر لە یاریی بەرامبەر لازیۆ دەرکرد. تودۆر لەبارەی دۆخەکە دەڵێت؛
ئەگەر شیکردنەوە بەمشێوەیە بێت کە ئێمە یوڤێنتوسین و دەبێ بەردەوام سەربکەوین، ئەمە شیکردنەوەیەکی هەڵە و نادادپەروەرانەیە. لەوەتەی هاتوومەتە ئێرە، تەنیا لە چەند یارییەک ئاستمان خراپ بووە.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە روونیکردووەتەوە، ئەنجامە نەرێنییەکانی دۆخی یانەکەی ناجێگیر کردووە، بەڵام یانەکە لە هەوڵەکانی لەگەڵ تودۆر بەردەوام دەبێت، سەرەڕای هێرشی بەردەوام بۆ سەر راهێنەرە کڕواتییەکە.
یوڤێنتوس لە پلەی حەفتەمی سێریا ئەی دێت، بە جیاوازی پێنج خاڵ لەگەڵ میلانی پێشەنگ.



