بەرگریکارێکی بارسێلۆنا ستایشی ئاستی ڤینیسیوس دەکات
گرنگی بە هەڵسووکەوتەکانی دەرەوەی یاریگا نادەم...

یاریگا –
رۆناڵد ئاراوخۆ، برگریکاری بارسێلۆنا دەڵێت حەزی لە شێوازی یاریکردنی ڤینیسیۆس جونیۆرە و بە هێرشبەرێکی ناوازەی وەسف کرد.
بێگومان یاری کلاسیکۆ گەورەترین رکابەری یانەکانە لە تۆپی پێی ئیسپانیا. سبەی یەکشەممە هەردوو هەڵبژاردە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بۆ یەکەمجار لە وەرزی 2025-2026 رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
ریال مەدرید وەرزی رابردوو چوار جار رووبەڕووی بارسێلۆنا لە رکابەرییە جیاوازەکاندا بووەوە. یەکەم رووبەڕووبوونەوەیان لە یاریگای بێرنابیۆ لە ئۆکتۆبەری 2024 بە دۆڕانێکی قورس بە ئەنجامی 4-0 لە بەرژەوەندی کاتالۆنییەکان کۆتایی هات.
لە یاری کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا شکستێکی هاوشێوەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە کوڕانی هانزی فلیک بە ئەنجامی 5-2 سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. لە دوو یاری دیکەش ریال مەدرید بە ئەنجامەکانی 3-2 و 4-3 دۆڕا و لەسەرجەم نازناوەکانی ئیسپانیا بێبەش بوو.
بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاون و هەمووان بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەوەن کە بزانن چابی ئاڵۆنسۆ لەم یارییەدا چۆن ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات. یەکێک لە گرنگترین رووبەڕووبوونەوە ئەگەرییەکانی پێش یارییەکەی یەکشەممەی کلاسیکۆ، شەڕی نێوان ئاراوخۆ و ڤینیسیۆس جونیۆرە. هەردوو یاریزان لەم وەرزەدا لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوون و جاربەجاریش لەسەر کورسی یەدەگەوە یارییان دەست پێکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ ئەم یارییە لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکانیاندا بن.
🗣️ Ronald Araújo: “Vini Jr is a spectacular player. Whenever we faced each other, it was all very professional.
He brings out the best in you, great players do that. You bring the best out of each other.
I love playing against him because he’s daring.” @MovistarFutbol pic.twitter.com/K3xMS3Brhb
— Madrid Xtra (@MadridXtra) October 24, 2025
ئاراوخۆ پێش یارییەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مووڤی ستار گوتی:
ڤینیسیۆس یاریزانێکی سەرنجڕاکێشە، هەموو یارییەک بەرامبەری تاقیکردنەوەیەکە، هەر جارێک کە بەرامبەری یاریمان کردووە، وایکردووە باسترینی خۆم پێشکەش بکەم. ئەوەش ئەوشتەیە یاریزانە پیشەگەرەکان دەیکەن و وا لە تۆ دەکەن بەرزترین ئاستی تواناکانت لەم رووبەرووبوونەوانەدا بەکاربهێنیت.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
گرنگی بەو شتانە نادەم کە لە دەرەوەی یاریگا دەیڵێت، گرنگ ئاستیەتی لە یاریگادا.
ریال مەدرید سبەی یەکشەمە کاتژمێر 18:15 لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بارسێلۆنا دەکات.



