Loading...
عێراقکوردستانگرنگترین

بەدواداچوون؛ چ چارەنووسێک چاوەڕێی یانەی نەورۆز دەکات؟

یاریگا دوایین زانیاری له‌سه‌ر چاره‌نووسی یانه‌ی نه‌ورۆز ئاشكرا ده‌كات

Yariga App

یاریگا –

یانەی نەورۆز، نوێنەری سلێمانی لە خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق، رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی سەخت بووەتەوە کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە هه‌بووه‌.

بەپێی زانیارییەکان، یانەکە دوو مانگە نه‌یانتوانیوه‌ مووچەی یاریزان و ستافی هونەری دابین بكه‌ن، ئەمەش بووەتە هۆی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ یانه‌كه‌.

لەم دواییانەدا، هەڵمەتی جۆراوجۆر بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و هاوکاریی دارایی بۆ یانەکە لە چەند شارێکی کوردستان دەستی پێکردووە، بەڵام قەبارەی قەیرانەکە گەورەترە لەوەی بەم شێوەیە چارەسەر بکرێت.

تۆڕی وەرزشی یاریگا، لە بەدواداچوونێکی ورد و تایبەتدا، زانیاریی نوێ و پشت پەردەی قەیرانە دارایی و كارگێرییه‌كانی یانەی نەورۆز ئاشکرا دەکات، کە چارەنووسی نوێنەرەکەی شاری سلێمانی خستووەتە بەردەم داهاتوویەکی نادیارەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی یاریگا، کێشە داراییەکانی یانەی نەورۆز ڕەگ و ریشەیەکی قووڵی هەیە و راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕووداوە سیاسییەکانی ئەم دواییەی سلێمانی و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی یانه‌كه‌ و پاڵپشتی سەرەکیی یانەکە. لەدوای ئەم ڕووداوانەوە، سەرچاوەی دارایی یانەکە وشکی کرد و تاوەکو ئێستاش هیچ وەبەرهێنەرێکی دیاری شارەکە ئامادەیی خۆی بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و پاڵپشتیکردنی یانەکە دەرنەبڕیوە.

ئەم دۆخە گومانێکی زۆری لەبارەی داهاتووی یانەکە دروست کرد و هەموو چاوەکانی خستە سەر هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ئایا ئامادەیە نوێنەرەکەی سلێمانی لەم دۆخە سەختەدا دەرباز بکات یاخود نا.

زانیارییە وردەکانی یاریگا پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئیدارەی گشتیی یەکێتی بە نهێنی به‌چه‌ند به‌ر‌پرسێكی یانەکەی راگه‌یاندووه‌، ئامادەیی خۆیان بۆ پاڵپشتیی دارایی دەربڕیوە، یانه‌كه‌ له‌م دۆخه‌ی ئێستا رزگار بكه‌ن، بەڵام مەرجێکی سەرەکییان داناوە، پێویستە دەستەیەکی نوێی کارگێڕی دابنرێت و گۆڕانکاریی لە شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکەدا بکرێت.

تاوه‌كو ئێستا یانه‌ی نه‌ورۆز هه‌ڵوێستی خۆی له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی نه‌گه‌یاندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌باره‌ی چاره‌نووسی یانه‌ی نه‌ورۆز بدرێت.

نەورۆز یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عێراق و کوردستان، یانەکە لە ساڵی 1994 بە ناوی یانەی ئەزمەڕ دامەزرا، دواتر لە ساڵی 2008 لەگەڵ یانەی کەمال سەلیم یەکیانگرتەوە و ناوەکەی کرایە نەورۆز. یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی خاوەنی یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراقە و بە ئانفیڵدەکەی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.

نەورۆز لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە وەرزی رابردوودا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button