ئاکرێ و دەربەندیخان بە یەکسان دەستیان بە وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان کرد
شێروانە و رزگاری لە دێڕبی کەلار رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە

یاریگا –
ئاکرێ و دەربەندیخان بە یەکسان بوون دەستیان بە وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان کرد و شێروانە و رزگاریش لە دێڕبی کەلار رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
لە گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، پێنج شەممە ( 23ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) لە کردنەوەی وەرزی نوێی 2025 _ 2026ـی خولی نایابی کوردستان، ئاکرێ لە یاریگای خۆی لەگەڵ دەربەندیخان بەبێ گۆڵ یەکسان بوو.
هەینی ( 24ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) پێنج یارییەکەی دیکە بەڕێوەدەچێت، هەندرێن دوای لە دەستدانی جامی سوپەری کوردستان و خاوەن جامی هەرێمی کوردستان لە وەرزی رابردوو، میوانداری یانەی سیروانی نوێ دەکات، پێشمەرگەی هەولێریش لە پیرمام رووبەڕووی چوارقوڕنە دەبێتەوە.
قەڵادزێ بۆ یەکەمجار لەمێژوودا یەکەم یاریی لە خولی نایابی کوردستان دەکات، قەڵادزێ بە پێکهاتیەکی بەهێزەوە میوانداری پیشەسازی دەکات، زاخۆ لە یاریگای بارزان بەرامبەر رانیە یاریی دەکات.
شێروانەی پاڵەوانی جامی سوپەری کوردستان و پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان، لە یەکەم یاریی خۆیدا لە دێڕبی کەلار میوانداری رزگاری دەکات، پێش دەسپێکی ئەم یارییە یاریزانانی رزگاری بە بۆنەی بە دەستهێنانی جامی سوپەری کوردستان رێڕەوی رێزلێنان بۆ دەستەی راهێنەران و یاریزانانی شێروانە رێک دەخەن.