Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

تێباس: هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەی مەیامی شکست نییە و کۆرتوا گوزارشت لەڕای ریال مەدرید دەکات

سەرۆکی لالیگا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر ریال مەدرید و کۆرتوا

Yariga App

یاریگا –

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی کۆمەڵەی خولی ئیسپانی لە گرنگی هەڵوەشاندنەوەی یاریی ڤیاڕیال و بارسێلۆنای لە مەیامی کەمکردەوە و گاڵتەی بە تیبو کۆرتوا، گۆڵپارێزی ریال مەدرید کرد.

هەرچەندە پێشتر رەزامەندی لالیگا و یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ گواستنەوەی شوێنی یاریی ڤیاڕیال و بارسێلۆنا لە لالیگا بۆ یاریگای هارد رۆک لە مەیامی درابوو، بەڵام لەژێر فشار و ناڕەزایەتی یاریزانان و هاندەران، یارییەکە هەڵوەشێندرایەوە.

تێباس لە لێدوانێکیدا رۆژنامەوانیدا جەختیکردەوە؛

وشەی شکست لە ژیانی مندا نییە، هەوڵمداوە و لە هەوڵەکانیشم بەردەوام دەبم. ناتێگەیشتنێکی زۆر لەم بابەتەدا هەیە.

کۆی کێشە یاساییەکەش لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و فیفا و کۆمپانیای رێلێڤێنتە، لەبارەی بوونی زەمینەسازی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکە لە ئەمریکا.

لێژنەیەکی رێکخستنم بۆ ئەم جۆرە یارییانە لە لالیگا پێکهێناوە، بیرۆکەی سەرەکیمان بریتییە لەوەی، ناکرێ لە وەرزێکدا زیاتر لە یەک یاریی لە دەرەوەی وڵات بکرێت، لەسەر ئەم پڕۆژەیەش بەردەوام دەبین.

دەبێ لەسەر وردەکارییەکان رێکبکەوین، چونکە ئەمە داواکاری ئەمریکا و فیفایە. هێشتا رێگەیەکی درێژمان لەپێشە و دەبێ مرۆڤ بەردەوام هەوڵبدات، ئەگەر هەوڵنەدەیت، شکستدەهێنیت.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک لەبارەی شکستهێنان و دۆڕانی جەنگەکە، تێباس دەڵێت؛

دۆڕان بابەتێکی رێژەییە، ئایا هیوام دەخواست یارییەکە لە 20ی سێپتێمبەر بکرێت؟ بەڵێ حەزم دەکرد، ئەگەر ئەمە بە دۆڕان هەژمار دەکرێت، بەڵێ دۆڕاوم، بەڵام بەلای منەوە هاوکێشەکە جیاوازە.

گواستنەوەی یارییەکە ئامانجی سەرەکی من نەبووە، تەنانەت یەکێک نییە لە 10 ئامانجە سەرەکییەکەی لالیگا. دووبارەی دەکەمەوە، رێگاکە دوورە و ئەمە بەدۆڕان هەژمار ناکەم.

ناڕەزایی یاریزانان

کاپتنی یانەکانی لالیگا بڕیاریاندا لە 15 چرکەی دەستپێکی هەموو یارییەکان بوەستن، ئەمە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر گواستنەوەی یارییەکە بۆ مەیامی.

لە یاریی نێوان ریال ئۆڤیێدۆ و ئیسپانیۆل، بۆ یەکەمجار یاریزانان ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، کامێرای گواستنەوەی پەخشی راستەوخۆی یارییەکە، وێنەی دەرەوەی یاریگایان پیشاندا.

تێباس لەبارەی ناڕەزایەتییەکان دەڵێت؛

هێڵی بەڕێوەچوونی یارییەکان لەلایەن ئێمە زۆر روونە، ئەوەی لە دەرەوەی هێڵەکە رووبدات، ناگوازرێتەوە. ئێمە هیچ شتێک لە دەرەوەی وێنە رێگەپێدراوەکان بڵاوناکەینەوە.

پێش یارییەکە زانیمان یاریزانان وادەکەن، بۆیە لەڕووی گواستنەوەی وێنەکان، ئامادەکاریمان کردبوو.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کێ بەرپرسی سەرەکیبوو لە فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، تێباس روونیکردەوە؛

هەندێک دۆخی تایبەت هەن، پڕۆسەکەی هەندێک ئاڵۆزکردووە، رەزامەندی یوێفا و کۆمسیۆنی ئەوروپا بە ئاسانی نەدەست نەهێندرا، یاریزانانی ریال مەدرید باسی بوونی گزی لە بابەتەکە دەکەن.

کۆرتوا گوێ بگرە، ئەویش هاوشێوەی ئانخێل سانچێز (بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ریال مەدرید) قسە دەکات و هەمان باس دووبارە دەکاتەوە. ئایا ئەوان بوێرییان هەیە پێچەوانەکەی بڵێن؟

بابەتی زیاتر

Back to top button