Loading...
دارایی وەرزشیراپۆرتی تایبەتکوردستانگرنگترین

كام یانه‌ ماندووترینە و تێچووی یه‌ك یاری خولی نایابی كوردستان چه‌نده‌؟

یاریگا به‌ ژماره‌ و داتا ورده‌كارییه‌كه‌ی ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا هاندەران چێژ لە جوانی 90 خولەکی یارییەک دەبینن، لە پشتی پەردەوە جیهانێکی پڕ لە ماندووبوون و خەرجیی گەورە هەیە.

لەم ڕاپۆرتە شیکارییەی تۆڕی وەرزشی یاریگادا، بە ژمارە و داتای ورد، تیشک دەخەینە سەر تێچووە داراییەکان و ئەو بارگرانییە جەستەییەی کە یانەکان لە گەشتە دوور و درێژەکانیاندا دەیچێژن، بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوونتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی ئەم پاڵەوانێتییە نیشان بدەین.

تێچووی بەڕێوەبردنی یەک یاری

بەپێی بەدواداچوونەکانی یاریگا، بەڕێوەبردنی یەک یاریی خولی نایاب بە نزیکەیی یەک ملیۆن دینار تێچوو تەنیا بۆ ستافی سەرپەرشتیار و ناوبژیوانان هەیە.

ئەم بڕە پارەیە بەشێوەیەک دابەش دەبێت كه‌ به‌ نزیكه‌ییه‌ و له‌ شارێك بۆ شارێكی دیكه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ر دێت، به‌ڵام تۆڕی وەرزشی یاریگا تێكڕای ناوه‌ندی وه‌رگرتووه‌، کە سەرپەرشتیاری یاریی 180 هەزار دینار، ناوبژیوانی ناوەڕاست 150 هەزار دینار، هەردوو یاریدەدەری ناوبژیوان پێکەوە 280 هەزار دینار، و ناوبژیوانی چوارەمیش 140 هەزار دینار وەردەگرن.

لەگەڵ زیادکردنی نزیکەی 450 هەزار دینار بۆ خەرجییەکانی دیکەی وەک خواردن و مانەوە، کۆی گشتی تێچووەکە بە ئاسانی یەک ملیۆن دینار تێدەپەڕێنێت.

بۆ ئەوەی وێنەیەکی گەورەتر و روونترمان هەبێت لەسەر قەبارەی خەرجییەکانی خولی نایابی کوردستان، دەتوانین کۆی گشتیی تێچووی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاران بۆ تەواوی وەرزەکە هەژمار بکەین.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خولەکە لە 12 یانە پێکدێت، هەر گەڕێک شه‌ش یاری لەخۆدەگرێت. ئەگەر تێچووی نزیکەیی هەر یارییەک بۆ ناوبژیوانان و سەرپەرشتیار بە یەک ملیۆن دینار دابنێین، ئەوا تێچووی هەر گەڕێکی خولەکە بە تەنیا بۆ ئەم بەشە دەگاتە شەش ملیۆن دینار.
خولەکە لە 22 گەڕ پێکدێت، بۆیە کاتێک تێچووی یەک گەڕ شه‌ش ملیۆن دینار بێت، لە کۆی گشتیی گەڕەکان دەگەینە ژمارەیەکی سەرنجڕاکێش. کۆی گشتی تێچووی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاران بۆ تەواوی وەرزەکە دەکاتە 132 ملیۆن دینار.
بەمشێوەیە، تەنیا بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکانی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیارانی یارییەکان، خولی نایابی کوردستان لە وەرزێکدا پێویستی بە بودجەیەکی 132 ملیۆن دینارییە.

تێچووی گەشتی یانەکان

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی وەرزشی یاریگا کەوتووە، تێچووی هەر یارییەکی دەرەوەی یاریگا بۆ یانەیەک، بە نزیکەیی دوو ملیۆن و 200 هەزار دینارە.

کاتێک ئەم ژمارەیە بۆ تەواوی وەرزێک هەژمار دەکەین، دەگەینە داتایەکی گەورەتر. هەر یانەیەک لە وەرزێکدا كۆی ئه‌و یارییانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌یكات تێچووی گەشتەکانی یەک یانە لە وەرزێکدا دەگاتە 24 ملیۆن دینار.

کاتێک ئەم ژمارەیە بۆ سەرجەم 12 یانەکەی خولەکە لێکدەدەینەوە، به‌ نزیكه‌ی دەگەینە بڕی 290 ملیۆن و 400 هەزار دینار. واتە تەنیا بۆ گەشت و مانەوەی یانەکان، خولەکە پێویستی بە زیاتر لە یەک چارەک ملیار دینار هەیە لە وەرزێکدا.

ماندووترین یانە

دووری جوگرافی رۆڵێکی یەکلاییکەرەوە لە ماندووبوونی یانەکان دەگێڕێت. بە پشتبەستن بە داتای وردی گەشتەکان، دەردەکەوێت کە هەندێک یانە بەڕاستی پاڵەوانی رێگاکانن، بۆ نموونە؛ یانەی زاخۆ ماندووترین یانەی خولی نایابی کوردستانە.

یاریزانانی یانەکەی خابوور لە وەرزێکدا 6,866 کیلۆمەتر دەبڕن و نزیکەی 100 کاتژمێر له‌ناو پاسی یانه‌كه‌یان دەمێننەوە، واتە زیاتر لە چوار ڕۆژی تەواو، تەنیا لەسەر رێگاکان بەسەر دەبەن.

لەلایەکی دیکەوە، یانەی رانیە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی، هەردوو یانەی چوارقوڕنە و قه‌ڵادزی دەکەونە هەمان سنوور، هەروەها لە سنووری جوگرافی شارەکانی هه‌ولێر و سلێمانی نزیکە، بۆیە کەمترین مەودا دەبڕێت. رانیە تەنیا 3,335 کیلۆمەتر دەبڕێت و نزیکەی 50 کاتژمێر لە نێو پاسی یانەدا گەشت دەکەن.

ئەم بەراوردکارییە بەڕوونی دەری دەخات کە یاریزانانی زاخۆ دوو هێندەی یاریزانانی ڕانیە کات لە ماندووبوونی گەشتدا بەسەر دەبەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button