ئارسیناڵ ئامارێکی سەرنجڕاکێش بەرامبەر رکابەرە ئیسپانیەکانی تۆمار دەکات

یاریگا –
ئارسیناڵ بە بردنەوەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامارێکی سەرنجڕاکێش تۆمار دەکات.
شەوی چوارشەممە لە قۆناخی سێیەمی خولی چامپیۆنزلیگدا یاریزانانی میکێل ئارتێتا ئاستێکی نایابیان پێشکەش کرد و چوار گۆڵیان تۆمارکرد و ژمارەی پێوانەیی سەرنجڕاکێشیان لە بەرامبەر رکابەرە ئیسپانییەکاندا تۆمارکرد.
ئارسیناڵ بۆ حەوتەمین یاریی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەیەکی ئیسپانی سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی هێزی تۆپی پێی ئیسپانیا لە کێبڕکێی یانەکانی ئەوروپادا بێ وێنەیە. سەرکەوتنی گەنەرز بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید درێژەی بەو ئامارەدا کە مانگی رابردوو بە بردنەوەیەک لە ئاتلێتیک بلباو دەستی پێکرد، هەروەها وەرزی رابردووش هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەیان بەرامبەر ریال مەدرید لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا بردەوە.
ئارسیناڵ وەرزی ڕابردوو لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە جیرۆنای بردەوە و لە وەرزی 2023-2024 لە هەردوو یارییەکەیدا لە سێڤییای بردەوە. دوایین جار کە ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگدا نەیتوانی بەرامبەر بە رکابەرێکی ئیسپانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە وەرزی 2015-2016 بوو، کاتێک بارسێلۆنا لە قۆناغی 16دا گەنەرزی کردە دەرەوە.