
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا نهێنی ناسنامەی جیاوازی دەرچووانی ئەکادیمیای لا ماسیا ئاشکرا دەکات.
بارسێلۆنا لە گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگ 6-1 لە ئۆڵمپیاکۆسی یۆنانی بردەوە، لە یارییەکەدا فێرمین لۆپێز سێ گۆڵی کرد و مارکوس راشفۆردیش دوو گۆڵ، لامین یامالیش بە گۆڵێک یارییەکەی تەواوکرد.
فلیک لەدوای یارییەکە لەبارەی ئەکادیمیای لا ماسیا روونیکردەوە، ئەکادیمیاکە ‘کەشێکی خێزانی’ تێدا فەراهەم کردووە و هەموو یاریزانان پەیوەندییەکی تۆکمەیان هەیە.
ئەوەی لە لا ماسیا تایبەت و ناوازەیە، تەواوی یاریزانان پەیوەندیی ئاسایی و تۆکمەیان هەیە. پەیوەندییەکی مرۆیی لە نێوانیاندا هەیە، بەر لەوەی تۆپی پێ کۆییان بکاتەوە.
دەتوانیت هەستێکی خێزانی لە نێو یاریزانەکان ببینیت، ئەمەش شتێکی زۆر جوانە. یاریزانی لەدایکبووی ساڵی 2007مان هەیە کە لە منداڵییەوە لە لا ماسیا یاریی دەکەن.
ئەم بەردەوامییە یارمەتی گەشەسەندنی یاریزانان لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا دەدات.
بارسێلۆنا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناچاربوو پشت بە دەیان یاریزانی لا ماسیا ببەستێت و تاڕادەیەکی زۆر، تەواوی کێشەکانی خۆی بە یاریزانانی لا ماسیا چارەسەرکرد.
پێکهاتەی ئێستای بارسێلۆنا چەندین ئەستێرەی لا ماسیای تێدایە، لەوانە؛ فێرمین لۆپێز، لامین یامال، پاو کوبارسی، پێدری، گاڤی و چەندین یاریزانی دیکە.