ئارتێتا: کەسایەتی پاڵەوانمان پیشاندا و ئەمە تەنیا دەستپێکی یۆکێرێشە
لە ئاست و ئەنجام رازییە

یاریگا –
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ دڵخۆشی خۆی بە بردنەوە گەورەکەیان 4-0 لە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ دەربڕی و دووپاتیکردەوە، یاریزانانی کەسایەتی پاڵەوانیان پیشاندا.
ئارسیناڵ یارییەکەی لە ماوەی 13 خوولەکی گێمی دووەم یەکلاییکردەوە، گابریێل گۆڵی یەکەمی بە لێدانی سەر کرد، دواتر گابریێل مارتینێلی گۆڵی دووەم و پاشان ڤیکتۆر یۆکێرێش دوو گۆڵی کرد.
ئارسیناڵ بەرگری لە دەستپێکە ناوازەکەی لە چامپیۆنزلیگ کرد، ئێستا 9 خاڵی لە سێ یاریدا هەیە و تاکە یانەیە لەگەڵ ئینتەر میلان گۆڵییان لێنەکراوە.
لەدوای یارییەکە ئارتێتا ئاست بەرزی یانەکەی بۆ پلاتفۆڕمی ئەمازۆن پڕایم باسکرد؛
یارییەکی قورس بوو، بەڵام دوای گۆڵی یەکەم، ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆشایی زیاتری بە ئێمە بەخشی، بۆیە ئاسانتر دەرچەمان دەدۆزیەوە. زۆر بە ئەنجام و ئاستی یارییەکە دڵخۆشم.
لەم ئاستەی چامپیۆنزلیگ، دەبێ لە هەموو وردەکارییەک خۆت بەرەو پێش ببەیت. ئێمەش لە هەموو قۆناخێک وامانکردووە و زۆر شانازی بە ئاستی تیمەکەم دەکەم.
View this post on Instagram
میکێل ستایشی یۆکێرێش دەکات
دوای دوو گۆڵەکەی ئەستێرە سویدییەکە، ئارتێتا ستایشێکی زۆری یۆکێرێشی کرد و روونیکردەوە، لەوانەیە دەستپێکی بەشێکی نوێی کاروانەکەی بێت لەگەڵ ئارسیناڵ.
یۆکێرێش لە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ئارسیناڵ کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاستی چاوەڕوانکراو پێشکەش بکات. تاوەکو ئێستا لە 12 یاریدا تەنیا پێنج گۆڵی کردووە؛
یۆکێرێش شایەنی دوو گۆڵەکە بوو، بەڕێژەیی کاریی زۆر باش لەنێو یارییەکاندا دەکات. ئەمڕۆ بە شانازییەوە خەندەی دەکرد.
هیوادارم ئەم دوو گۆڵە دەستپێکی زنجیرەیەکی جوانی یۆکێرێش بێت لەگەڵ ئارسیناڵ.