
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا متمانەیەکی زۆری بە لامین یامال هەیە، تاوەکو لە یاریی کلاسیکۆ بە باشترین ئاست دەربکەوێت.
یامال لە یاریی دوێنێ سێشەممە بەرامبەر ئۆڵمپیاکۆس، ئاستێکی لاوازی پێشکەشکرد، لەو یارییەی بارسا 6-1 سەرکەوت.
لە پرێس کۆنفڕانسی دوای یارییەکە، پرسیاری ئامادەیی یامال بۆ یاریی کلاسیکۆ لە فلیک کرا و ئەویش گوتی؛
لامین هیچ کێشەیەکی نییە، پێموایە ئەم بردنەوانە بۆ یامال و هەموو یاریزانانی دیکە گرنگە.
لەسەر ئاستی کەسی، گۆڵکردن گرنگە، پێموایە یەکشەممە لامینێکی دیکە دەبینین. 100% بۆ کلاسیکۆ ئامادەیە.
پیاوی یارییە گەورەکان
کاتێک لە یارییە گەورەکان سەیری ئاستی یامال دەکەین، دەبینین ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و هیچ گومانم لە ئامادەیی یامال نییە.
فلیک داوای ئامادەیی لە سەرجەم یاریزانانی دیکەش بۆ کلاسیکۆ کرد و دووپاتیکردەوە، کەیسەکە تایبەت بە یامال نییە؛
بەردەوام کلاسیکۆ یارییەکی گرنگە، بەڵام لە کۆتاییدا، بابەتەکە تەنیا بریتی نییە لە یامال.
پێویستیمان بە ئاست بەرزی هەموو یاریزانانە، ریال مەدرید تیمێکی ناوازەیە و لەم وەرزەدا ئەمەی پیشانداوە، بۆیە دەبێ بەجیددی کار بۆ ئەم یارییە بکەین.