
یاریگا –
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی سیترەی بەحرێنی دەبێتەوە، راهێنەری تیپەکەش دەڵێت یارییەکە بۆ زاخۆ ئاسان نابێت.
لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، چوارشەممە ( 22ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) زاخۆ لە بەحرەین کاتژمێر 6ـی ئێوارە لە یاریگای خەلیفەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی سیترەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە، تەواوی یاریزانانی زاخۆ بۆ یارییەکە ئامادەن و هیچ پێکانێک یاخۆد راگیرانێکی نیە.
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ باسی ئامادەکاری تیپەکە دەکات و یارییەکەش بە زەحمەت ناو دەبات، ویسام دەربارەی یارییەکە گووتی:
بە دڵنیاییەوە یارییەکی زەحمەت چاوەڕێمان دەکات، چونکە سیترە لە یاریی یەکەم شکستی هێناوە و هێزی بۆ ئەم یارییە کۆکردۆتەوە، یارییەکەش لە دەرەوەی یاریگای خۆمانە کە ئەمەش ئەرکمان قورستر دەکات، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ بەدەست هێنانی سێ خاڵەکە، یاریزانەکانیش لەوپەڕی ئامادەباشیدان و دەمانەوێت دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین.
زاخۆ لە یاریی یەکەم سەرکەوتنی بەرامبەر قادسیە تۆمار کرد و بە سێ خاڵ لە ریزبەندی دووەم دێت، عەینی ئیماڕاتی دوای بردنەوەی لە سیترە بە ئەنجامی 4 _ 1 بە هەمان خاڵ لە ریزبەندی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم دێت، لە 4ـی مانگی داهاتووش زاخۆ لە یاریگای خۆی میوانداری عەین دەکات.